رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، ئەگەر کۆتایی بە جەنگی ئێران و ئیسرائیل نەهێندرێت، دەکرێت لەڕووی ئاسایشی ناوچەیی و جیهانییەوە "ئەنجامی مەترسیداری" لێ . ئاماژە بەوەش دەکات کە "ناوچەکەمان پێویستی بە دیپلۆماسییە، نەوەک شەڕ و پێکدادان."
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئەو گرژییەی بەهۆی هێرشە نایاساییەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێکرد، دواتریش دەستوەردانی ئەمریکای بەدواداهات، گەیشتووەتە ئاستێک کە نیگەرانییەکانی زیاتر کردوون."
یڵماز ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر کۆتایی بە جەنگەکە نەهێندرێت و کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر نەکرێن، دەکرێت "لەڕووی ئاسایشی ناوچەیی و جیهانییەوە ئەنجامی زۆر مەترسیدارتری لێبکەوێتەوە."
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، دەبێت دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە. ئەوەشی خستەڕوو، "ناوچەکەمان پێویستی بە شەڕ و پێکدادانی زیاتر نییە، بەڵکو پێویستی بە دیپلۆماسییەکی کاریگەر و متمانەپێکراوە."
یڵماز باسی لەوە کرد، "وەکو کۆماری تورکیا، بەردەوام دەبین لە گەڕان بەدوای چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیپلۆماسییانە بۆ کێشەکان. بۆ هەمیشە لە بەرەی یاسا، دادپەروەری و سەقامگیریدا دەبین."
لە 13ی حوزەیرانەوە ئیسرائیل و ئێران لە جەنگدان. ئەمریکاش رۆژی 22ی ئەم مانگە بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ