رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جەهەپە، سەبارەت بەو کۆمیسیۆنەی بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت، رایگەیاند، "جەهەپە روانگەی روونە و پێیوایە ئەم کۆمیسیۆنە دەبێت ئەجێندایەکی دیموکراسییانەی هەبێت و بۆ ئەمەش ئێمە ئامادەین بەرزترین ئاستی بەشداریمان هەبێت."
رۆژی چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، ئۆزگور ئۆزەل، لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی سیلیڤری سەردانی هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری پارتەکەی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار؛ زەیدان کارالار، سەرۆکی دوورخراوەی گەورەشارەوانیی ئادانا؛ رەسول ئێمرە شاهان، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی شیشلی ئیستەنبووڵ؛ رەزا ئاکپۆلات، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی بێشیکتاش؛ ئۆیا تەکین، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی سەیهان و ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتاری دیکەی کرد، کە لەو گرتووخانەدا دەستبەسەرن.
دوای سەردانەکەی، ئۆزەل لە بەردەم گرتووخانەی سیلیڤری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "وەک ئەنقەرە و ئیزمیر ئەرکەکەتان بەپێی ئەقڵ و ویژدان و یاسا جێبەجێ بکەن، بڕیاری دادگاییکردنیان بەبێ گرتن بدەن و بە زووترین کات دۆسیەکانیان ئامادە بکەن."
سەرۆکی جەهەپە سەبارەت بە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانیش رایگەیاند: "کەس ناتوانێت بڵێت ئێمە مەرجی پێشوەختەمان بۆ چوونە ناو کۆمیسیۆنەکە داناوە، بەتایبەتیش لەسەر کەسی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو."
ئۆزگور ئۆزەل ئاماژەی بە روانگەی جەهەپە کرد بۆ چارەسەری پرسی کورد و گوتی: "روانگەی جەهەپە و ئیمامئۆغڵو بۆ چارەسەریی ئەم پرسە روونە. بیرۆکەی ئەم کۆمیسیۆنە هی ئێمەیە. ئەم کۆمیسیۆنە دەبێت پرسی کوردی تورکیا بە گشتی لە چوارچێوەی دیموکراسییانەدا چارەسەر بکات. دەبێت هەموو کێشەکان بە رێگەی دیموکراسییەوە چارەسەر بکات." گوتیشی: "ئێمە فەرمانبەری کەس نین. دەبێت ئەم کۆمیسیۆنە ئەجێندای دیموکراسی هەبێت و بۆ ئەمەش ئێمە ئامادەین بەرزترین ئاستی بەشداریمان هەبێت. بەڵام لەولاوە دیموکراسی لە دیاربەکر و ستەم لە ئیستەنبووڵ، نابێت."
ئۆزگور ئوزەل نەیشاردەوە کە مەرجیان هەیە بۆ چوونە نێو کۆمیسیۆنەکە و گوتی: "ئێمە باز نادەینە ناو هەر کۆمیسیۆنێکەوە. پێویستە نەخشەڕێگا، کاتبەندی و ئەوە بزانین کە لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا چی لەم کۆمیسیۆنەدا دەبینین. ئێمە لەسەر ئەمانە گفتوگۆ دەکەین و لەمبارەیەوە هەوڵی ئەرێنی لەلایەن بەڕێز نوعمان کورتوڵموش و سەرۆکی پارتە سیاسییەکانەوە هەیە. بۆیە ئێمە بەشێوەیەکی نەرێنی سەیری بابەتەکە ناکەین، بەڵام با کەس وا بیرنەکاتەوە کە جەهەپە لەژێر هەر بارودۆخێکدا دەچێتە ناو کۆمیسیۆنەکەوە و تێیدا دەمێنێتەوە. شتی وا نییە."
سەرۆکی جەهەپە رەخنەی لە سیاسەتی حکومەت گرت و گوتی: "لەلایەک دەڵێن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دانیشتووین و بۆ رێککەوتنی سەدەی دووەم قسەمان کردووە، لەلایەکی دیکەشەوە رەسول ئێمرە شاهان زیندانی دەکرێت چونکە کەسێکی بە رەچەڵەک دەم پارتی کردووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی و لەولاشەوە باسی ئازادکردنی 200 ئەندامی پەکەکە دەکرێت. ئەگەر ئەم کارانەی دژی ویژدان و ئەقڵن کۆبکەیتەوە، ویژدانی کۆمەڵگە رەتیدەکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ