نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە

24-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە. تێکشکاندنی داعش، سووککردنی سزاکانی سەر دیمەشق و رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە سووریا گرنگترین باسەکانی کۆبوونەوەکە بوون. 
 
رۆژی شەممە، 24ـی ئایاری 2025، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ هەریەک لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوومەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ترەمپ سەبارەت بە پێدانی دەرفەتی رێگەی ئاشتی و پێشکەوتن بە سووریا." 
 
رۆژی 14ـی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ سەردانی سعودیەی کرد. لەوێ ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆبووەوە و هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریای راگەیاند. 
 
باراک دەشڵێت، "سەرۆک شەرع هەڵوێستی ئەمریکای بۆ سووککردنی سزاکان بەخێرایی بەرز نرخاند، پێشوازی لە راگەیێندراوی دوێنێی وەزیر روبیۆ (مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا) سەبارەت بە بەخشین لە بڕیاری قەیسەر بۆ 180 رۆژ و راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە مۆڵەتی گشتیی ژمارە 25 و رێکارەکانی دیکەی سووککردنی سزاکان کرد". 
 
ساڵی 2011، هاووڵاتییانی سووریا دەستیان بە خۆپێشاندان کرد. دواتر، خۆپێشاندانەکان بوونە هۆی دروستبوونی شەڕی نێوخۆ و رژێمی ئەسەد بە بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراو و چەندین تاوانی دیکەی دژی سوورییەکان تۆمەتبارکرا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاواش ژمارەیەک سزایان بەسەر وڵاتەکەدا سەپاند. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە