رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا خۆشحاڵیی خۆی بە راگەیاندنی ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل دەردەبڕێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''داوا لە لایەنەکان دەکەین بەتەواوی پابەندی بن''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025 لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێش کرد و لەبارەی ئاگربەستەکەی ئێران و ئیسرائیل رایگەیاند: ''پاڵپشتی لە هەر هەوڵێک بۆ ئاگربەست و بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکە دەکەین''.
ئەردۆغان داوای لە ئیسرائیل و ئێران کرد ''پابەندی ئاگربەستەکە بن''، ئاماژەی بەوەش کرد: ''پێشتریش گوتبووم، ناوچەکەمان بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرێت. دیپلۆماسی، باشترین و لۆژیکیترین رێگەچارەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆییەکان''.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیل راگەیاند.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد: ''پێویستە دەستبەجێ ئاگربەست لە غەززەش رابگەیێندرێت و هێرشەکانی ئیسرائیل بوەستێندرێن؛ دەبێت رێگەبدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بگەیێندرێنە ئەوێ. دەبێت هێرشکارییەکەی ئیسرائیل لە تەواوی ناوچەکەمان بوەستێت''.
ئەردۆغان بەشێکی دیکەی قسەکانی تایبەت کرد بە پرۆسەی چارەسەری و گوتی: ''ئەم پرۆسەیە کە وەک سیاسەتێکی وڵاتەکەمان بەڕێوەی دەبەین، پشت بە خودا بەپێداگرییەوە سەری دەخەین''.
ئێوارەی رۆژی 22ی حوزەیران، هێرشێکی خۆکوژی کرایە سەر کەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشقی پایتەختی سووریا. لە ئەنجامی هێرشەکەدا 13 کەس کوژران و 53ی دیکەش بریندار بوون.
سەرۆککۆماری تورکیا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و گوتی: ''پشتیوان بە خودا، سووریا بە سەقامگیری دەگات. حکومەتی سووریا پێداگرە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە. باوەڕی تەواوم وایە، حکومەتی سووریا بە هەنگاونانی پێداگرانەوە دەتوانێت لە ماوەیەکی نزیکدا قۆناخێکی باش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا تێپەڕێنێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ