رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، چاوەڕێن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتنەکەی 10ی ئادار جێبەجێ بکات. ئاماژە بەوەش دەکات، "دەبێت ماف، ناسنامە و کولتووری کوردی سووریا بپارێزرێت."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی هەینی 25ی تەممووزی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، پاڵپشتی لە پاراستنی سەقامگیریی سووریا دەکەن، "وەکو چۆن بۆ خۆمان ئاسایش و سەقامگیریمان دەوێت، بۆ وڵاتانی دراوسێش هەمان شتمان دەوێت."
فیدان ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێن هەسەدە رێککەوتنەکەی 10ی ئادار جێبەجێ بکات، "بەبێ ئەوەی خوێن بڕژێت و کێشە دروست ببێت، چاوەڕێین ئەوان (هەسەدە) هەنگاو بۆ سووریایەکی نوێ بنێن کە تێیدا ماف، ناسنامە و کولتووری کورد بپارێزرێتك سووریایەک هەمووان تێیدا هەست بە یەکسانی بکەن."
پێشکێشکارەکە لێی پرسی، "ئەگەر هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکەی 10ی ئادار نەبێت و تێکەڵی سوپای سووریا نەبێت، تورکیا دەستوەردان دەکات؟"
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وەڵامدا گوتی، "ئێمە هەمیشە دەڵێین، ئێستا لە سووریا حکومەتێکی نوێ هەیە و پاڵپشتی لەو حکومەتە دەکەین. چاوەڕوانیمان لەم حکومەتە ئەوەیە، کاتێک کێشەیەک دروست دەبێت، حکومەت خۆی دەستوەردان بکات. ئەگەر پێویستی بە پاڵپشتییەکی دیاریکراو هەبێت، ئێمە ئەو پاڵپشتییە دەکەین؛ بەڵام پێویستە بۆ هەموو سیناریۆیەک خۆمان ئامادە بکەین. نامانەوێت گەلی وڵاتەکەمان ئەزموونی سیناریۆی پەکەکەی عێراق و پەکەکەی سووریا چەندین جار ئەزموون بکاتەوە، نامانەوێت گەلەکەمان ئەزموونی 40 ساڵی رابردووی دووبارە بکاتەوە."
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت و لە خاڵی چوارەمدا هاتووە، "تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان."
وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، نابێت چەک لە دەستی هیچ هێزێکی دەرەوەی دەوڵەتی سووریا بێت؛ باسی لەوەش کرد، "کاتێک هەمووان لە گۆشەیەکدا چەک بە دەستەوە دەگرن و وەک شوێنی خۆیان رایدەگەیێنن، ئەوە دەبێتە هۆی دابەشبوون. هەر بە دابەشبوون ناوەستێت، لەبەر ئەوەی لایەنەکان لەگەڵ یەکدی شەڕ دەکەن، هەر یەکەیان بۆ بەزاندنی ئەوەی دیکە، داوا دەکات هێزی دیکە بچنە نێو گۆڕەپانەکە؛ هەر خۆی هێزەکانی دەرەوە چاوەڕێی شتێکی وەهان."
فیدان، رۆژی 22ـی ئەم مانگە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە دوایین شەڕوپێکدادانەکانی سووریا گوتی، "کاتێک لە باشوور (باشووری سووریا) شتێک روودەدات، دەبینین پاشماوەکانی رژێمی پێشوو دەکەونە جووڵە بۆ هاندانی عەلەوییە سوورییەکانی ئەوێ کە زۆر ئازیزن. لە لایەکی دیکەشەوە، دەبینین کە یەپەگەش دەستبەجێ دەکەوێتە جووڵە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەر لە درێژەی ئەو گوتانەیدا هۆشداریی دایە گرووپەکانی سووریا و گوتی، "با هیچ گرووپێک دەست نەداتە جموجووڵی دابەشکاری. هەموو شتێک دەکرێ گفتوگۆ بکرێ و لەگەڵ هەموو گرووپ و لایەنێکیشدا گفتوگۆ دەکرێت؛ بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن و بە بەکارهێنانی تووندوتیژی هەنگاو بۆ دابەشکردن و ناسەقامگیرکردن بنێن، ئەوا ئێمە ئەمە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان لێک دەدەینەوە و دەستوەردان دەکەین."
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا مەبەستتان لە کامە گرووپ بوو؟" فیدان گوتی، "ئێمە هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەمان بە نەفرەت کردن کە لەنێوان دەشتەکی و دروزەکان روویاندا. پێویستە بەرپرسیاران سزابدرێن. بەڵام هەندێک گرووپی دیکە لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵات (سووریا)، ئەمەیان بە هەل زانی و هەندێک ئاماژەی جموجووڵیمان لێ بینین، لەڕێگەی هەندێک راگەیێندراو و لێدوانەوە. ئێمە وەک تورکیا دەبوو ئەم هۆشدارییە بدەین، چونکە ئێمە یەکێتی و یەکگرتوویی وڵاتەکەمان (سووریا) دەوێت."
سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی 23ـی تەممووزی 2025 لە ئیستەنبووڵ بە رۆژنامەڤانانیان راگەیاند، "لەلایەن حکومەتی سووریاوە بە فەرمی داوای هاوکاری لە تورکیا کراوە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە داعش."
فیدان لەمبارەیەوە گوتی، "هیچ شتیک هێندەی هاوئاهەنگیکردن لە بابەتی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا رەوا و ئاسایی نییە. ئێمە لەگەڵ عێراقیش ئەمە دەکەین، بۆچی لەگەڵ سووریاش نەیکەین؟ لەگەڵ وڵاتانی دیکەش دەیکەین، سووریا پێویستی بە یارمەتی و پاڵپشتیی تەکنیکی هەیە، سوپای سووریا پێویستە بگاتە توانایەک کە بتوانێت سنوورەکانی بپارێزێت و بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ