رووداو دیجیتاڵ
پزیشکەکەی سری سورەییا ئۆندەر لەبارەی تەندروستیی ئەو سیاسەتڤانە دەڵێت، هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.
ئەرتان ساغباش، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار، کە هاوکات پزیشکی سری سورەییا ئۆندەرە، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان لەبارەی تەندروستیی ئەو سیاسەتڤانە بۆ میدیایەکی تورکیا قسەی کرد.
ئەرتان گوتی، مەترسی لەسەر ژیانی ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ماوە. ئاماژە بەوەش کرد، "خەڵک داوامان لێدەکەن کاتی باشبوونەوەی پێ بڵێین، بەڵام ناتوانین هیچ ماوەیەکی کورت، مامناوەند و درێژخایەن دیاری بکەین."
سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی، کە هاوکات ئەندامێکی شاندی ئیمراڵییشە، شەوی 15ی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتووە، پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییای تێیدایە گوتوویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە.
سری سورەییا ئۆندەر کێیە؟
ساڵی 1962 لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان لە خێزانێکی تورکمان لەدایکبووە.
لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندوویەتی و تاوەکو قۆناخی دوو بەردەوام بووە.
وێڕای ئەوەی سیاسەتڤانە، کاری رۆژنامەڤانی، دەرهێنانی فیلم، سیناریۆنووسیشی کردووە، هاوکات لە چەندین فیلمیشدا وەک ئەکتەر رۆڵی بینیوە.
رۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریی2013 - 2015 لە تورکیا هەبوو و ئێستاش رۆڵی لەو پرۆسە چارەسەرییە هەیە کە لەو وڵاتە دەستیپێکردووە.
لە هەڵبژاردنی 2015ـی پەرلەمانیی تورکیادا لەسەر لیستی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) خۆی بەربژێر کرد و بووە پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئەنقەرە.
لە دوایین هەڵبژاردنـی 2023ـی پەرلەمانیی تورکیادا بووە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ، هاوکات بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ