دەم پارتی: پێویستە برایەتی، ستراتیژ بێت نەک تاکتیک

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاوسەرۆکانی دەم پارتی و سەرۆکی پارتی دێڤای تورکیا دوایین پێشهاتەکانی سووریا، قەیرانی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان و پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا تاوتوێ دەکەن و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا جەخت لەسەر "دیالۆگ"، "کردنەوەی رێڕۆی مرۆیی" و "چارەسەریی دیموکراسی" دەکەنەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2026، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، سەردانی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دێڤا)یان کرد و لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتەکە کۆبوونەوە. دواتریش کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان رێکخست. 
 
عەلی باباجان لەسەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، تاوتوێی پێشهاتەکانی سووریا و پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردیان لە تورکیا لە چەندین بوارەوە کرد و گوتی: "کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان هەبوو. ئەوان زانیاری گرنگیان لەبارەی سەردانەکەیان بۆ ناوچەکە [رۆژئاوای کوردستان]، بەتایبەتی قامشلۆ، لەگەڵ ئێمەدا بەش کرد." 
 
دواتر تولای هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: "پێشهاتی زۆر گرنگ لە سووریادا هەن، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی لە 6ی کانوونی دووەم لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەستیانپێکرد و بۆ ناوچەکانی دیکەش گوێزرانەوە."
 
هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، لە سەردانیان بۆ قامشلۆ، بە روونی ئەمە گوترا: "هێزە نێودەوڵەتییەکان و هەندێک وڵاتی ناوچەکە، پیلانی شەڕی کورد و عەرەب دادەڕێژن. لە مێژووی سووریادا شەڕێکی لەو شێوەیە رووینەداوە. هەسەدە، بۆ ئەوەی نەبێتە ئامرازی ئەو پیلانگێڕییە و بۆ قووڵنەکردنەوەی ململانێکان، لەو ناوچانە کشایەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵیدا بوو." 
 
هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لایەن لە تورکیا هەوڵ دەدەن تێگەیشتنێکی هەڵە دروستبکەن کە "لایەنی کوردی ئاگربەست پێشێل دەکات" و گوتی: "لە کاتێکدا لە رێککەوتنی 10ی ئادار و گفتوگۆکانی 4ی کانوونی دووەمی دیمەشق رێککەوتنی تەواو کرا، ئیدارەی دیمەشق واژۆکردنەکەی بۆ کاتێکی دیکە دواخست. لایەنی کوردی هەمیشە پابەندی رێککەوتن بووە." 
 
هاتیمئۆغوڵڵاری باسی لەوەشکرد، کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی تووندایە و گوتی: "ئاو، کارەبا و ئینتەرنێتی کۆبانێ بڕدراوە، هەوڵ دەدرێ خەڵکی سڤیل بە برسێتی و تینوێتی سزا بدرێن. پێویستە تورکیا بەپەلە دەروازە سنوورییەکانی مورشدپنار و نوسێبین بکاتەوە و رێڕۆیەکی مرۆیی دروستبکات. ئەمە بژاردە نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆییە."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی، پەیامی رۆژئاوای کوردستانی بەم شێوەیە بە خەڵکی تورکیا گەیاند: "ئێمە یەک بەردیشمان لە تورکیا نەگرتووە و کێشەی ئەمنی دروستناکەین. چەندە دژی شەڕی کورد و عەرەبین، ئەوەندەش دژی شەڕی کورد و تورکین." 
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری هۆشداریدا لەوەی کە ئاڵۆزیی سووریا دەرفەت بۆ داعش دەڕەخسێنێت و گوتی، شانە نووستووەکان خەریکە بەخەبەردێنەوە و ئەم هەڕەشەیە تەنیا بۆ سەر ناوچەکە نییە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا و وڵاتانی رۆژئاواش.
 
تونجەر باکرهان رەخنەی تووندی لە سیاسەتی حکومەت بەرامبەر سووریا گرت و ئەو پرسیارەی ئاراستەی ئەنقەرە کرد کە "ئایا ئەنقەرە لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا دەستکەوتەکانی کورد وەک هەڕەشە قبووڵ دەکات یان وەک دەستکەوتی خۆی دەیانبینێت؟ چارەسەر لەوەدایە برایەتی بکرێتە ستراتیژی سەرەکی، نەوەک تاکتیک." 
 
عەلی باباجانیش رایگەیاند، پرۆسەی بنیاتنانی سیستمی نوێ لە سووریا و پرۆسەی چارەسەریی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەیە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سەقامگیریی هەمیشەیی لە سووریا تەنیا بە سیاسەتێکی گشتگیر و دەستوورێک دەکرێ کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێ و گوتی: "متمانە لە پڕێکدا دروستناکرێ، بەڵکو کاتی دەوێ. ئیدارەی دیمەشق تەنیا بە بەدەستهێنانی متمانەی هەموو لایەنەکان دەتوانێ رەوایەتی خۆی بەهێز بکات." 
 
سەرۆکی پارتی دەڤا گوتیشی: "ئەوانەی لەوبەری زەریاوە دێن، هیچ شتێکیان پێ نییە کە پێشکێشی ئێمەی بکەن، ئەمڕۆ بەرژەوەندییان بەو جۆرەیە یارمەتیمان دەدەن، سبەی بەرژەوەندییان دەگۆڕێ و شتی دیکە دەکەن. ئێمە وەک خەڵکی ئەم ناوچەیە دەبێت کێشەکانمان بە دیالۆگ و دیپلۆماسیی سیاسی خۆمان چارەسەر بکەین." 
 
عەلی باباجان رووی دەمی لە حکومەتی تورکیاش کرد و گوتی: "پێویستە لەبری زمانی سەرکەوتوو-دۆڕاو یان سەرکەوتن-شکست، زمانێک بەکاربهێندرێ کە ئاشتی و یاسا تێیدا سەربکەوێ. راگەیاندنی خشتەیەکی هەڵبژاردن لە سووریا، ئیدی بووەتە پێویستییەک." 
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو سەرکردە رەخنەیان لە کەمیی رۆڵ و چالاکی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی گرت کە لەژێر چەتری پەرلەمانی تورکیادا پێکهێندراوە.
 
باباجان رایگەیاند، پێویستە کۆمیسیۆنەکە دەستبەجێ دەست بە کار بکات و گوتی: "هەر هەنگاوێکی ئەرێنی کە کۆمیسیۆنەکە بینێت، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دۆخی نێوخۆیی سووریاش دەبێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیسماعیل هونەرلیجە

سکاڵا لەسەر ئەو مەلایە تورکە تۆمارکرا کە داوای قڕکردنی کورد دەکات

مەلایەکی دیاری سەر بە جەماعەتی ئیسماعیل ئاغا لە تورکیا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هێرشی تووند دەکاتە سەر کورد و داوا لە سوپای تورکیا دەکات ئەو خۆپێشاندەرانەی بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان دەچنە سەر شەقامەکان "قڕیان بکەن" و بە زیندوویی نەیانهێڵنەوە. بارۆی ئامەدیش سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات.