وەزیری دادی تورکیا: نزیکەی پێنج هەزار بەندکراو و حوکمدراوی پەکەکە لە گرتووخانەکانن

30-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، لە پرۆسەی چارەسەریدا هیچ دانوستاندنێک نەکراوە، دەشڵێت: ''ئێستا نزیکەی پێنج هەزار بەندکراو و حوکومدراوی ئەندامانی پەکەکە لە گرتووخانەکاندا هەن. هەر یەکێکیان سزاکەی تەواو بێت، ئازاد دەکرێ''.
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 30ی تەممووزی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا سەبارەت بە ئازادکردنی وەیسی ئاکتاش، کە زیندانیکراوێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو، رایگەیاند: ''ئەو (وەیسی ئاکتاش) لەڕێی هیچ هەموارێکی یاساییەوە ئازاد نەکراوە. دوو کەسی کوشتبوو کە سیخوڕییان بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە کردبوو. دوای تەواوبوونی سزاکەی، ئازادکرا''.
 
وەزیری دادی تورکیا گوتی، نابێت ئازادکردنی هەر ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە پرۆسەی چارەسەری ببەسترێتەوە و بگوترێت، دانوستاندن لە نێوان حکومەتی وڵاتەکەی و پەکەکە کراوە. گوتیشی: ''ئەگەر ئەمە بکەن، ئەوە رای گشتی بەلاڕێدا دەبەن و شتێکی دروست نییە''.
 
تونچ جەختی لەوە کردەوە، هیچ دانوستاندنێک لە پرۆسەی چارەسەریدا نەکراوە و گوتیشی: ''ئێستا نزیکەی پێنج هەزار بەندکراو و حوکومدراوی ئەندامانی پەکەکە لە گرتووخانەکانن. کامە لەوانە سزاکەیان تەواو بێت، ئازاد دەکرێن''.
 
وەیسی ئاکتاش، کە لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵیی هاوزیندانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو، دوای 31 ساڵ و سێ مانگ مانەوە لە زیندان، رۆژی 25ـی ئەم مانگە ئازاد کرا.
 
ئاکتاش لە 28ـی نیسانی 2024، بەشێوەیەکی یاسایی ماوەی 30 ساڵ سزاکەی تەواوکردبوو، بەڵام بە بڕیاری "دەستەی بەڕێوەبردن و چاودێری"ی گرتووخانە، ئازادکردنەکەی بۆ ماوەی ساڵێک دواخرا. دوای تەواوبوونی ساڵەکە، ئازادکردنەکەی بۆ ماوەی سێ مانگی دیکەش درێژکرایەوە. دواجار، رۆژی 25ـی تەممووز، لە زیندانی ئیمراڵی ئازادکرا.
 
وەیسی ئاکتاش، لەنێوان ساڵانی 2013-2015 لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکەمی چارەسەری دا، لە ساڵی 2015 لەگەڵ محەممەد سەعید یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار، چەتین ئارکاش و نەسروڵڵا کوڕان گواسترایەوە بۆ ئیمراڵی.
 
ئاکتاش، لە ساڵی 1990ـەوە یەکێک بوو لە بەرپرسەکانی پەکەکە و کەسێکی نزیکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو. لە ساڵی 1993 لەلایەن میت دەستگیرکرا و دادگە بڕیاری زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپاند. بەر لە گواستنەوەی بۆ ئیمراڵی، لە زیندانی کرکاڵە بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.