ڤیدیۆ؛ وان سپۆر سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و ئامەدسپۆر پیرۆزبایی لێدەکات

02-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
وان سپۆر
وان سپۆر
نیشانەکردن وان سپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی وان سپۆری باکووری کوردستان گەیشتە خولی پلە یەکی تورکیا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی قۆناخی پلەی قەیسەری خولی پلە دووی تورکیادا سەرکەوتنی بەرامبەر باتمان پەترۆڵسپۆڕ بەدەستهێنا.
 
هەردوو یانەکەی باکووری کوردستان لە یاریی کۆتاییدا لە شاری ئورفا رووبەڕووی یەکبوونەوە. 
 
دوای زیاتر لە 90 خولەک یاریکردن، هیچ یەکێک لە یاریزانانی هەردوو یانە نەیتوانی گۆڵ تۆمار بکات و کاتی ئاسایی یارییەکە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هات. 
 
بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو یانەیەی کە دەگاتە خولی پلە یەکی تورکیا، پەنا برایە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە. 
 
یانەی وان سپۆر لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا باشتر بوو، لە دوایین لێداندا گۆڵپارێزەکەیان لێدانێکی گەڕاندەوە و بە پێنج لێدان بەرامبەر چوار لێدان، وان سپۆر یارییەکەی بردەوە و گەیشتە خولی پلە یەکی تورکیا. 
 
لە وەرزی داهاتوودا شانبەشانی یانەی ئامەد سپۆڕ، یانەی وان سپۆڕیش لە خولی پلە یەکی تورکیادا بەشداری دەکات.
 
یانەی ئامەدسپۆر کە لە خولی پلە یەک یاری دەکات، پەیامێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە و پیرۆزبایی لە یانەی وان سپۆر دەکات بەبۆنەی سەرکەوتنیان بۆ خولی پلە یەک و نووسیوویەتی "پیرۆزبێت، وان ئێف کەی."
 
ئامەدسپۆر لە پەیامەکەیدا دەڵێت "ئێمە پیرۆزبایی سەرکەوتن بۆ خولی ترێندیۆل لە یانەی وان ئێف کەی دەکەین، ئێمە بە دڵ و بە گیان پیرۆزباییان لێدەکەین و لە خولی نوێدا سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین."
 
یانە گەورەکەی باکووری کوردستان، لە پەیامەکەیدا باتمان پەترۆلسپۆری لەبیر نەکردووە و نووسیوویەتی "لەم گەشتە سەختەدا باتمان پەترۆلسپۆر بە گەیشتن بە یاریی کۆتاییدا ئاستێکی بەرزی پێشاندا و بە دڵ و بە گیان پیرۆزبایی لەوانیش دەکەین."

 

 

یارییەکە سەرەڕای ئەوەی یاریی کۆتایی بوو، بەڵام هەردوو یانە کوردستانییەکە بەوپەڕی گیانی وەرزشییەوە رووبەڕووی یەکبوونەوە، بەر لە یارییەکە هاندەرانی هەردوولا لە یاریگەدا هاواریان دەکرد، کینە ئەم؟ کوردن ئەم. دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەش هاندەرانی یانەی وان سپۆر بە گۆرانیی باتمانە باتمانە ئاهەنگیان بۆ سەرکەوتن بۆ خولی پلە یەکی تورکیا گێڕا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە