ریال مەدرید دەیەوێت هاوسەنگیی بەدەست بهێنێتەوە

04-10-2025
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن ریال مەدرید ڤیاریال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید لەپێناو بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگیدا، پاش شکستە لەناکاوەکەی لە دێربی مەدرید، لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی ڤیاڕیال دەکات. راهێنەری ریال مەدرید رایگەیاندووە، 
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید، چاوی لەبەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە لە ململانێی بەدەستهێنانەوەی نازناوی لالیگا، کە وەرزی پێشوو لە بەرژەوەندیی بارسێلۆنا لەدەستیدا.
 
یانەی شاهانە لە یارییەکەی ئەمشەودا، لە تواناکانی هەریەکە، دانی کارڤاخال، ئانتۆنیۆ رۆدیگێر و فێرلان مێندی بەهۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت، لە کاتێکدا لە دوایین مەشقی یانەکەدا بەر لە یارییەکە، ئیدێر میلیتاو بەشداریی کرد، پاشئەوەی لەلایەن تیمی پزیشکیی یانەکەوە گڵۆپی سەوزی بۆ بەشداریکردن بۆ هەڵکرا.
 
ڤیاریال لەم وەرزەدا بە ئاستێکی نایاب و جێگیرەوە دەرکەوتووە. مارسیلینیۆی راهێنەر،  کە لە مانگی یانزەی 2023ەوە بۆ جاری دووەم سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی وەرگرتەوە، پێشەوایەتیی ئەو یانەیەی کردووە بۆ کۆکردنەوەی 16 خاڵ لە حەوت یاریی خولەکە و تیپەکە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی گشتیی لالیگایە.
 
ڤیاریال ئەمساڵ خاوەنی بەرگرییەکی بەهێزە، هاوتای بارسێلۆنا، تاوەکو ئێستا تەنیا 5 گۆڵی لێکراوە، ئەمە وادەکات ئەرکی هێرشبەرەکانی ریال مەدرید لە یارییەکەی ئەمشەودا ئاسان نەبێت.
 
سەرنجەکان لەسەر کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری ریال مەدرید و گۆڵکەری ئێستای خولەکە دەبن کە تاوەکو ئێستا لە حەوت یاریدا، هەشت گۆڵی تۆمارکردووە و لە دوایین یاریی یانەکەشی لە چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر کایرات ئەلماتی، هاتریکی تۆمارکرد.
 
ڤیاریال لە یارییەکەی ئەمشەودا بەهەمان شێوە ئەرکی ئاسان نییە، تیپەکە جیا لە خۆ بینینەوە لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆی یاریگەی رکابەرەکەی، لە تواناکانی هەریەکە لە خوان فۆیز، پاو کابانێس و لوگان کۆستا بێبەشە و بەشداریکردنی هەریەکە لە جیرارد مۆرینۆ و ئایۆزی پێرێز گومانی لەسەرە.
 
پێشبینیکراوە لە پێکهاتەی سەرەکیی ریال مەدرید بۆ یارییەکەی ئەمشەو، چابی ئەلۆنسۆ پەنا بباتەوە بەر سیانەی ڤینی، جود و ئێمباپێ، ئەگەرچی لە دێربیی مەدریدا نەیانتوانی ئەنجامی یارییەکە لە بەرژەوەندیی تیپەکەیان یەکلایی بکەنەوە.
 
یارییەکە بەخاڵی وەرچەرخان بۆ ئەرکە نوێیەکەی چابی ئەلۆنسۆ لە یانەی ریال مەدرید دادەنرێت، پاشئەوەی لە یەکەم تاقیکردنەوەی گەورەدا لە دێربیی مەدرید لە گەڕی پێشوو، بە 5 - 2 گۆڵ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ شکستی هێنا.
 
سەرکەوتنی ریال مەدرید لە یارییەکەی ئەمشەودا، گوشاری سەر ئەلۆنسۆ کەمدەکاتەوە کە هیواخوازە بەر لە پشووی نێودەوڵەتیی ئەمجارە، ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا هەر ئەنجامێکی دیکە جگە لە بردنەوە، ئەو راهێنەرە رووبەڕووی گوشاری زۆری میدیاکان دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە