رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید بە زەحمەت لە یانەی لیگانێسی بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا.
لە دووەم یاریی قۆناخەکەدا، ریال مەدرید بەبێ یارییکردنی کیلیان ئێمباپێ، جود بێلینگهام، تیبۆ کۆرتوا، ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، ئیدێر میلیتاو، دانی کارڤاخاڵ، ئێدوارد کاماڤینگا و دەیڤد ئالابا بووە میوانی لیگانێس و گەنجێکی 20 ساڵ سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
سەرەتا لە خولەکی 18 لوکا مۆدریچ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ریال مەدرید تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
دوای حەوت خولەک لەو گۆڵە، ئێندریک بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی یانەی لیگانێسی هەژاند و ریال مەدریدی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
یانەی لیگانێس هەوڵی زۆریدا ئەنجامەکە بگۆڕێت، لێدانێکی سزای بەدەستهێنا و لە خولەکی 39 خوان کروس ئەنجامەکەی بۆ یانەکە کەمکردەوە و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی ریال مەدرید تەواو بوو.
لە نیوەی دووەمدا، لیگانێس لەسەر هێرشەکانی بەردەوامبوو، گۆشاری زۆری خستە سەر گۆڵی ریال مەدرید و خوان کروس، گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی تەواوبوونی کاتی ئاسایی یارییەکە بوون، گەنجێکی 20 ساڵ بەناوی گۆنزالۆ گارسیا، گۆڵی بردنەوەی بۆ ریال مەدرید بەلێدانی سەر تۆمارکرد، لۆس بلانکۆس یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا.
ئەمە دووەم یارییە لەم وەرزەدا ریال مەدرید لە لیگانێسی دەباتەوە، پێشتر لە لالیگادا بە 3-0 لە یانەکەی بردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ