سۆن خزمەتی سەربازی تەواوکرد و دەگەڕێتەوە لەندەن

08-05-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سۆن هیۆنگ مین تۆتێنهام
A+ A-

رووداو - هەولێر

میدیای کۆریای باشوور رایگەیاند، سۆن هیۆنگ مینی ئەستێرەی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور و یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، خزمەتی سەربازیی خۆی لە وڵاتەکەی ئەنجامدا و خەڵاتی باشترینیشی وەرگرت.

لە کۆریای باشوور هەموو پیاوێکی تەندروست پێویستە ماوەی دوو ساڵ خزمەتی سەربازی بەجێبگەینێت، تەنیا ئەو وەرزشوانانەی دەستکەوتێک بۆ وڵاتەکەیان بەدەستدەهێن دەبەخشرێن، بەڵام ئەوانیش پێویستە 3 هەفتە خزمەتی سەربازی ئەنجام بدەن، کە سۆن یەکێکە لەو وەرزشوانانەی لە خزمەتی سەربازی بەخشراوە، بەهۆی ئەوەی ساڵی 2018 سەرکردایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد بۆ بردنەوەی مەدالیای زێڕی پێشبڕکێی تۆپی پێ لە خولی یارییەکانی ئاسیادا.

سۆن وەستانی خول و یارییەکانی یانەکەی بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای قۆستەوە و لە مانگی ئاداردا لە لەندەنەوە گەڕایەوە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور بۆ بەجێگەیاندنی خزمەتی سەربازی لە 3 هەفتەدا و دوای کەرەنتینەکردنی بۆ ماوەی 14 رۆژ، سۆن بەشداری لە خزمەتی سەربازیدا کرد و سەرکەوتووانە ئەنجامیدا.

سۆن کە لە دوورگەی جیجۆ لەگەڵ هێزێکی سەربازی دەریایی خزمەتەکەی بەجێگەیاند، توانی بەباشترین سەرباز دەربچێت لە رووی ئەنجامدانی مەشق و راهێنانە سەربازییەکان.

ئەفسەری ئەو هێزە دەریاییەی سۆن لەگەڵیدا خزمەتە سەربازییەکەی بەجێگەیاندووە، گوتی "لەنێو 157 سەربازدا سۆن پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و خەڵاتی بیلسۆنگی بەدەستهێنا، کە یەکێکە لەو پێنج خەڵاتانەی لە مەشقە سەربازییەکانی کۆریای باشووردا دەدرێنە باشترین سەربازەکان".

یانەی تۆتێنهام، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، سۆن خزمەتی سەربازی ئەنجامداوە و هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە لەندەن بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەیەوە و نووسیویەتی "سۆن.. پیرۆزە و بەمنزیکانە دەتبینینەوە".

سۆن هیۆنگ مین، لە کاتی گەیشتنەوە لەندەن پێویستە دوو هەفتە کەرەنتینە بکرێت، ئینجا دەتوانێت دەست بە مەشقەکانی بکاتەوە، کە پێشبینی دەکرێت بەمنزیکانە یانەکانی پرێمەرلیگ دەست بە مەشقەکانیان بکەنەوە و خولەکەش لە 12ی حوزەیراندا دەستپێبکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە