رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاریداوە دوو گەنجی دەرچووی ئەکادیمیای یانەکە کە ئێستا لە دەرەوەی ریال مەدریدن، لە هاوینی داهاتوودا بگەڕێنێتەوە ریزەکانی و بەوەش درێژە بەسیاسەتی کۆکردنەوەی بەهرەمەندە لاوەکان بدات.
ریال مەدرید وەک ئەوەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، پلانی مێرکاتۆی هاوینی داهاتووی داڕشتووە و خۆی یەکلایی کردووەتەوە لە پێویستیی گەڕاندنەوەی دوو بەهرەمەند بۆ ریزەکانی.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، ئامانجەکەی ریال مەدرید بریتییە لە نیکۆ پاز و شیما ئاندریاس کە دوو لاوی بەهرەمەندی دەرچووی لافابریکای ریال مەدریدن.
ریال مەدرید دەیەوێت هێڵی ناوەڕاستی خۆی بۆ ساڵانی داهاتوو بەهێز بکات و لەئێستاوە کار بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەک لەو هێڵە بکات کە بۆ چەند ساڵی داهاتوودا خزمەت بەتیپەکەی بکەن.
لەماوەی رابردوودا، قسەوباس لەسەرئەوە هەبوو کە چابی ئەلۆنسۆ داوای بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی کردووە، بەتایبەت کە لە هەندێک یاریدا، تیپەکە توانای کۆنترۆڵی ناوەڕاستی یاریگەی نامێنێت بەو پێکهاتەیە ئێستا و ئەوەش کێشە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە یارییەکاندا دروستدەکات.
دوو ئامانجەکەی ریال مەدرید ئێستا لە یانەکانی موکۆی ئیتاڵی و شتوتگارتی ئەڵمانی یارییدەکەن و ئاستی ناوازە پێشکێش دەکەن.
ریال مەدرید پێیوایە شیما باشترین جێگرەوە دەبێت بۆ ئۆریلیێن چوامینی لە ناوەڕاستی بەرگریی تیپەکەدا، هەرچی نیکۆ پازە، پێشتر کارگێڕیی ریال مەدرید بەڵێنیان پێدابوو لە هاوینی 2026 بیگەڕێننەوە بۆ یانەکە.
هاوینی رابردوو یانەی تۆتێنهام بڕی 70 ملیۆن یۆرۆ دەستەوارەی پێشکێشی پاز کرد بۆ چوونە ریزەکانی، بەڵام ئەو یاریزانە لەبەر بەڵێنی گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید، دەستەوارەکەی رەتکردەوە.
پاز ئەمساڵ سێ گۆڵی لەگەڵ کومۆ تۆمارکردووە، سێ ئەسیستی هەیە و 619 خولەک یاریی کردووە، لەماوەی رابردوودا بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کرا.
ریال مەدرید مافی پێشینەی بەدەستهێنانەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەی هەیە لە بەرامبەر تەنیا 9 ملیۆن یۆرۆ لە 2026 یان 10 ملیۆن یۆرۆ لە 2027 و چابی ئەلۆنسۆ دەیەوێت بیکاتە یاریزانێکی سەرەکی لە پێکهاتەی تیپەکەیدا.
شیما ئاندریاس ئێستا لە خولی ئەڵمانی جێگەی سەرنجە، لە کۆی دە یاریی یانەکە، بەشداریی لە هەشت یارییدا کردووە و گۆڵێکی تۆمارکردووە و رێژەی پاسە دروستەکانی لە کۆی یارییەکاندا 94 لەسەدە.
ریال مەدرید بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو یاریزانە دەتوانێت تەنیا 10 ملیۆن یۆرۆ بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ