رووداو دیجیتاڵ
پێش دەستپێکردنەوەی یارییەکانی لالیگا لەدوای تەواوبوونی هەفتەی فیفا، قەیرانێکی چاوەڕواننەکراو لەنێو ریال مەدرید سەریهەڵداوە و چارەنووسی یاریزانێکی نادیارە، ئەوەش کێشەی بۆ راهێنەر دروستکردووە، چونکە دەترسێت بیفرۆشێت و دواتر پێویستی پێیبێت، ئەگەریش نەیفرۆشێت لە بەرژەوەندی دۆخی دارایی یانەکەدا نابێت.
کاتێک ھاندەرانی ریال مەدرید چاوەڕوانی گەڕانەوەی رکابەرییەکانن لە دوای وەستانی نێودەوڵەتی، نیشانەکانی قەیرانێکی نوێ لەنێو یانەی شاھانەدا دەردەکەون، لەناو دۆخێک لە نادیاری سەبارەت بە داھاتووی یەکێک لە یاریزانە دیارەکان، کە لەم دواییانەدا بەتەواوی لە پلانەکانی چابی ئەلۆنسۆی راھێنەر دوورکەوتووەتەوە.
چابی ئەلۆنسۆ لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی روون و یەکلاکەرەوە قسەی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئاستەنگەکانی مەدرید زۆرن و پێویستیان بە پابەندبوونێکی بێ مەرج لە ھەمووان ھەیە. ئاماژەی بەوەشکردووە کە قۆناخی داھاتوو پێویستی بە بەرزترین ئاستی ئامادەیی دەروونی و جەستەیی ھەیە. ئەم وشانە وەک پەیامێکی راستەوخۆ بوون بۆ ھەندێک لە یاریزانانی ناو تیپەکە.
لەناو ئەو ناوانەی کە بوونەتە جێگەی مشتومڕێکی راستەقینە لەناو ژووری جلگۆڕین، ناوی بەرگریکاری چەپی فەرەنسی فێرلان مێندی دێت، کە دۆخی ھێشتا لەنێوان نادیاری و دوورخستنەوەدایە. یاریزانەکە لەماوەی زیاتر لە 5 مانگدا بەھۆی پێکانەوە دەرنەکەوتووە و کاتی گەڕانەوەی بۆ یاریگەکان ھێشتا تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، ئەمەش کێشەی بۆ ریال مەدرید دروستکردووە و نازانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
سەرەڕای ئامادەبوونی تیپەکە بە دوو بەرگریکاری چەپ، بەڵام نەبوونی متمانە لەلایەن ستافی راھێنەرەوە بە مێندی، مانەوەی لەژێر پرسیاردا دروستکردووە، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی یەکی ساڵی نوێ، کە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە یانەکە بەنیازی ئەوەیە رێگەی پێبدات بەخۆڕایی بڕوات لە حاڵەتێکدا کە ئارەزوویەکی روونی بۆ رۆیشتن نیشان بدات.
ریال مەدرید رێگە لە رۆیشتنی یاریزانەکە ناگرێت بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی، بەڵام بەباشی دەزانێت کە مێندی تێدەکۆشێت بۆ مانەوە و تەواوکردنی گرێبەستەکەی، ئەمەش بابەتەکە بۆ چابی ئەلۆنسۆ ئاڵۆزتر دەکات و کارگێڕیی لە دۆخێکی سەختدا دادەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ