باوکی لامین، بارسای کۆنترۆڵ کردووە

12-10-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لامین یامال مونیر نەسڕاوی یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
باوکی لامین یامال چەند داوایەکی سەیری لە بەڕێوەبەرانی بارسێلۆنا کردووە و ئەوەش ژووری جلگۆڕینی یانەکەی تووڕە کردووە.
 
بەهۆی بەرەوپێشچوونی ئاستی یامال و گرنگیدانی یانە گەورەکانی ئەورووپا، بەتایبەتی پاریس سانجێرمان، هەژموونی مونیر نەسڕاوی، باوکی لامین یامال، بەسەر بەڕێوەبەرانی یانەکە زیادی کردووە، بەپێی میدیای کەتەلۆنیا، باوکی لامین ئێستا کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر بڕیارەکانی یانەکە هەیە و تادێت، داواکارییەکانی زیاتر دەبن.
 
رۆژنامەڤانێکی نزیک لە یانە کەتەلۆنییەکە گوتی "پێش ئەوەی باڵۆندۆر دابەشبکرێت، مونیر چووە لای بەڕێوەبەرانی یانەکە و پێی گوتن، ئێوە پشتگیری کوڕەکەم ناکەن بۆ بابەتی باڵۆندۆر و میدیاکانی یانەکە هیچ گوشارێکیان دروستنەکردووە لەسەر ئەوە، لێرەدا مەبەستی لەوە بوو، یانەکە زیاتر پشتگیری بردنەوەی رافینیای دەکرد"
 
بەپێی ئەو رۆژنامەڤانە، لەدوای ئەو چاوپێکەوتنەوە، بیرکردنەوە و شێوازی کارکردنی میدیای یانەکە و تەنانەت میدیای ئیسپانیش بۆ باڵۆندۆر گۆڕا.
 
ئەم گۆڕانکارییە کاریگەرییەکی خراپی بەسەر ژووری جلگۆڕینی یانەکە هەبوو و بەشێک لە یاریزانەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە دەربارەی، بەپێی میدیای کەتەلۆنیا، بەشێک لە یاریزانان و ئەندامانی یانەکە پێیان وابووە، ئەو رەفتارە دژی درووشمی یانەکەیە کە زیاتر پشت بە کاری بەکۆمەڵ دەبەستێت.
 
سەرچاوە کەتەلۆنییەکە دەڵێت، لەدوای ئەو رووداوەوە، یانەی بارسێلۆنا وەڵامی "بەڵێ" بووە بۆ هەموو داواکارییەکانی باوکی یامال، تەنانەت کە داوای فڕۆکەی تایبەتیشی کردووە، یانەکە رازیبووە و بۆی دابین کردووە.
 
بەهۆی ئەوەوە، باوکی یامال سەرنجی هەمووانی بۆخۆی راکێشاوە، چەندین کەسایەتیی گرنگ پەیوەندییان پێوە کردووە، بۆ چەندین ئاهەنگی گەورە بانگێشتکراوە و پەیوەندیی لەگەڵ تۆڕێکی گەورەی کەسانی کاریگەر بەستووە.
 
بەپێی میدیا کەتەلۆنییەکە، تەنانەت لەڕێگەی هەژموونەکەیەوە بەسەر کوڕەکەی و یانەی بارسێلۆنا، چەندین کەسایەتیی سیاسی قسەیان لەگەڵی کردووە، تەنانەت لەو ڕێیەوە چەندین خانمیشی ناسیوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، میدیای فەرەنسا ئەوەیان خستەڕوو، یانەی پاریس سانجێرمان بەهەر نرخێک بێت، دەیانەوێت ئەو یاریزانە ببەنە ریزەکانیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە