رووداو دیجیتاڵ
تۆپی پێی ئیسپانیا قەیرانێکی بێ وێنە بەخۆیەوە دەبینێت، کە لەنێوان ریال مەدرید و خولی ئیسپانیادا سەریهەڵداوە، چونکە یانە شاهانەکە هەڕەشەی کشانەوە لە لالیگا دەکات وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەوەی کە بەقسەی خۆی ناوبژیوانان دژایەتی دەکەن.
ئەگەر ریال مەدرید بڕیاری جێهێشتنی لالیگا بدات، ئەوا ئەو بژاردانەی لەبەردەستیدایە لە خولەکانی دیکەدا هەم لایەنی باش و هەم خراپیان هەیە.
هەرچەندە پێدەچێت ئەم هەنگاوە "نزیک بێت لە مەحاڵ" بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێویستی بە رەزامەندی فیفا و یوفا هەیە، هەروەها دەبێت ئەو خولەش رازی بێت کە ریال مەدرید دەیەوێت یاری تێدا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بیرۆکەی جێهێشتنی لالیگا لەناو یانەکەدا باس دەکرێت.
ئەگەر ریال مەدرید بڕیاربدات ئەم هەنگاوە بنێت، کام خول گونجاوترین شوێنی دەبێت بۆی؟

خولی فەرەنسا.. بژاردەیەکی ناسەرنجڕاکێش
لەوانەیە خولی فەڕەنسا وەک شوێنێکی ئاسان دەرکەوێت، بەتایبەتی کە پاریس سانجێرمان لەخۆدەگرێت کە بووەتە یەکێک لە زلهێزەکانی ئەورووپا، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە خولی فەرەنسا هێندەی خولە گەورەکانی دیکە رکابەری تێدا نییە.
جگە لەوەش پەیوەندی نێوان ریال مەدرید و بەرپرسانی تۆپی پێی فەرەنسا باش نییە، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی ئەو گرژییە بەردەوامەی لەگەڵ کارگێڕیی پاریس سانجێرمان، بەهۆی گرێبەستی یاریزانانەوە هەیەتی، دیارترینیان گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بوو.
هەروەها داهاتی دارایی خولی فەرەنسی زۆر کەمترە لەچاو ئینگلتەرا یان ئەڵمانیا، ئەمەش وایکردووە لە روانگەی بازاڕکردن و ئابوورییەوە ببێتە بژاردەیەکی ناسەرنجڕاکێش بۆ ریال مەدرید.
.jpg)
خولی ئیتاڵیا.. دەرفەتێکە بۆ زیندووکردنەوەی سێری ئا
خولی ئیتاڵیا یەکێکە لەو بژاردە بەهێزانەی کە ریال مەدرید دەتوانێت لەبەرچاوی بگرێت، بەتایبەتی کە سێری ئا هەوڵدەدات شکۆمەندی پێشووی خۆی بەدەستبهێنێتەوە دوای چەندین ساڵ لە پاشەکشەکردن لەسەر ئاستی ئەورووپا، هەروەها لە ئاستی ناوخۆییشدا دوای ئەوەی درەوشانەوەی کاڵبووەوە.
بوونی ریال مەدرید لە ئیتاڵیا لەوانەیە هەناسەیەکی ژیان بێت بۆ تۆپی پێی ئیتاڵیا، چونکە ئاستی رکابەرییەکان زیاد دەکات و بەهای بازاڕی خولەکە بەرزدەکاتەوە.
هەروەها تیپە گەورەکانی ئیتاڵیا وەک یوڤێنتوس، میلان و ئینتەرمیلان پێشوازی لە بوونی یانەیەکی بەقەبارەی ریال مەدرید دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو داهاتە زۆر و سەرنجی جیهانییەی لەگەڵ خۆیدا دێنێت.

خولی ئەڵمانیا.. شوێنێکی نموونەیی و ئەگەری کلاسیکۆ
خولی ئەڵمانی بژاردەیەکی نموونەی بۆ یانەی تیال مەدرید، بەو پێیەی بۆندێسلیگا خاوەنی هاندەرێکی گەورەیە و ژێرخانی نایابی هەیە.
بەشداریکردنی ریال مەدرید دەرگای "کلاسیکۆ"یەکی ئاگرین لەگەڵ بایرن میونشن دەکاتەوە، ئەمەش ورووژاندنێکی بێ وێنە بۆ پاڵەوانێتییەکە زیاد دەکات.
یانە ئەڵمانییەکان بە سەقامگیری دارایی و توانای راکێشانی وەبەرهێنان ناسراون، ئەمەش وایکردووە بۆندێسلیگا ببێتە هەڵبژاردەیەکی لۆژیکی لە روانگەی ئابووری و رکابەرییەوە.
هەروەها خولی ئەڵمانی لەڕووی ناوبژیوانییەوە کەمتر مشتومڕی لەسەرە بە بەراورد بە خولەکانی ئیسپانیا یان ئینگلتەرا، ئەمەش لەوانەیە ژینگەیەکی سەقامگیرتر بە ریال مەدرید بدات.

خولی نایابی ئینگلیزی.. بەهێزترین شوێنی مەبەست، بەڵام؟
ئێستا پرێمەرلیگ بەهێزترین خولە لە جیهاندا لەڕووی ناوبانگ و گەڕانەوەی داراییەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ یانەی ریال مەدرید.
بوونی یانەی شاهانە لە خولی ئینگلیزیدا رکابەرییەکی گەورە دروست دەکات، رکابەرییەکی بەهێز لەنێوان ئەو یانەیە و یانەکانی وەک مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول و ئارسیناڵ دەبینین.
بەڵام هەندێک بەربەست هەن کە گواستنەوەی ریال مەدرید بۆ ئینگلتەرا ئاڵۆزتر دەکەن.
یەکەم: پرێمەرلیگ خولێکی پڕە لە مشتومڕی ناوبژیوانان، ئەمەش لەوانەیە ریال مەدرید بخاتە دۆخێکی هاوشێوەی ئەوەی کە ئێستا لە لالیگا رووبەڕووی دەبێتەوە.
دووەم: سروشتی رکابەرییە بەهێزەکە بەو مانایەیە کە ریال مەدرید گەرەنتی بردنەوەی نازناوەکانی نابێت وەک ئەوەی لە لالیگادا هەیەتی، چونکە دەبێت هەفتە لەدوای هەفتە بەتووندی شەڕ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ