سۆن گەڕاوەتەوە لەندەن و کەرەنتینە ناکرێت

18-05-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سۆن هیۆنگ مین تۆتێنهام
A+ A-

رووداو - هەولێر

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا رایانگەیاند، سۆن هیۆنگ مینی یاریزانی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور و یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی گەیشتووەتە لەندەن و کەرەنتینە ناکرێت.

سۆن کە لە کاتی کەرەنتینەدا گەڕابووە وڵاتەکەی بۆ ئەوەی 3 هەفتە خزمەتی سەربازی ئەنجام بدات، داوی تەواوکردنی ئەرکەکەی گەڕاوەتەوە لەندەن بۆ پەیوەندیکردن بە مەشقەکانی یانەکەی، کە ئەو سەرچاوانە دەڵێن "سۆن دوو رۆژ پێش ئێستا گەیشتووەتەوە لەندەن".

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، یاریزانە کۆرییەکە لە لەندەن کەرەنتینە ناکرێت و خۆیشی پێویست ناکات لە ماڵەوە خۆی کەرەنتینە بکات، لەبەرئەوەی لە کاتی گەڕانەوەدا پشکنینی کۆرۆنای بۆ کراوە و دەرچووە کە سەلامەتە و هەڵگری ڤایرۆسەکە نییە.

بەپێی رۆژنامەکانی بەریتانیا، سۆن دەتوانێت لەگەڵ یانەکەی بەشداری لە مەشقە تاکەکەسییەکان بکات، وەک خۆئامادەکردنێک بۆ دەستپێکردنەوەی پرێمەرلیگ، کە پێشبینی دەکرێت بەمنزیکانە یانەکانی پرێمەرلیگ دەست بە مەشقە بەکۆمەڵەکانیان بکەنەوە و خولەکەش لە 12ی حوزەیراندا دەستپێبکاتەوە.

سۆن هیۆنگ مین، وەستانی خول و یارییەکانی یانەکەی بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای قۆستەوە و لە مانگی ئاداردا لە لەندەنەوە گەڕایەوە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، بۆ بەجێگەیاندنی خزمەتی سەربازی لە 3 هەفتەدا و دوای کەرەنتینەکردنی بۆ ماوەی 14 رۆژ، سۆن بەشداری لە خزمەتی سەربازیدا کرد و سەرکەوتووانە ئەنجامیدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە