رووداو دیجیتاڵ
هەردوو یانە گەورە و بەنێوبانگەکەی ئەرجەنتین سەرکەوتنی گرنگیان بەدەستهێنا و هەریەکەیان سێ خاڵی نوێی خستە سەر کۆی خاڵەکانی.
ریڤەرپلەیت سەرکەوت
یانەی ریڤەرپلەیت بەردەوامە لەسەر ئاست و ئەنجامە باشەکانی و سەرکەوتنێکی دیکەی گرنگی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە پێشەنگی خولی پلە یەکی ئەرجەنتینی.
ریڤەر پلەیت لەسەر یاریگای مۆنومێنتاڵ لە بۆینس ئایرێس میوانداریی گۆدۆی کروزی کرد و بەئەنجامی 4-2 لێیبردەوە.
سباستیان دریوسی لە خولەکی 4 یانەی خاوەن یاریگای بە گۆڵێک پێشخست، بەڵام ئۆگێستین دوای 5 خاڵ گۆڵی یەکسانبوونی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد.
لە خولەکی 13 جولیانۆ گالۆپۆ گۆڵی دووەمی بۆ ریڤەرپلەیت تۆمارکرد. دوای 7 خولەک گودوای گۆڵی دوو بە دووی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد.
لە خولەکی پێنجەمی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا مارکۆس ئەکونا گۆڵی سێیەمی بۆ خاوەن ماڵ تۆمارکرد.
لە نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 49 سیباستیان گۆڵی چوارەمی ریڤەری تۆمارکرد و یانەکەی سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا و بە 11 خاڵ لە پێنج یاریدا سەرکەوت بۆ پێشەنگی کۆمەڵەی B لە خولی پلە یەکی ئەرجەنتین.
بۆکاش بردییەوە
یانەی بۆکا جونیۆرز لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا یەکەم سەرکەوتنی لە خولی کلاوسورادا تۆمارکرد و بە سەرکەوتنێکی گەورەوە گەڕایەوە ماڵەوە.
بۆکا لەسەر یاریگای ماڵڤیناس ئەرجەنتیناس بووە میوانی یانەی ئیندیپێندینتی ریڤاداڤیای و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە هیچ لێیبردەوە.
یانەی میوان لە خولەکی 30 گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، دوای ئەوەی گۆڵپارێز ئزیکیل سێنتوریۆن تۆپەکەی بەهەڵە خستە نێو گۆڵی خۆیەوە.
لەنیوەی دووەمدا یارییەکە زۆر هاوسەنگ بوو، تاوەکو ئێکسیکیل زێبایۆس لە خولەکی 88 ئەنجامەکەی بۆ بۆکا جۆنیۆرز کردە دوو بە هیچ، پێش ئەوەی ئالان ڤێلاسکۆ دوای دوو خولەکی دیکە گۆڵی سێیەم و بردنەوە تۆمار بکات.
ئەمە یەکەم سەرکەوتنی بۆکایە لە پێنج یارییدا و ئێستا خاوەنی شەش خاڵە، لە کاتێکدا ئیندیپێندینتی ریڤاداڤیا بە چوار خاڵەوە ماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ