رووداو هەولێر
دوای پێنج ساڵ لە سڕبوون و بەڕێوەنەچوونی هیچ پاڵەوانێتییەکی بەرزکردنەوەی قورسایی لە شاری هەولێر، لیژنەی کاتیی لقی هەولێری یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، بەئەنجامدانی پاڵەوانێتییەک جارێکی دیکە یارییەکەی لەنێو هەوادارانیدا زیندوو کردەوە.
کێبرکێکە لەسەر ئاستی کوڕان و کچان ماوەی رۆژێک لەنێو هۆڵی داخراوی کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو، 35 یاریزان لەسەر ئاستی پێشکەوتووان، لاوان و تازەپێگەیشتووان رکابەرییەکی بەهێزیان کرد.
لەسەر ئاستی کچان ململانێیەکی بەهێز بیندرا، بەهۆی بەشداریکردنی خانمە پاڵەوانەکانی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، کە یانەی زانکۆی جیهان نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە و خانمانی هەریەک لە یانەکانی هەندرێن و قەڵای تورکمان لە پلەکانی دووەم و سێیەم هاتن. لەسەر ئاستی کورانیش یانەی بروسک پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
قاسم هاشم، سەرۆکی لیژنەی کاتیی لقی هەولێری یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق بۆ رووداو گوتی "بەرزکردنەوەی قورسایی وەرزشێکی ناسراو و درێنی شاری هەولێرە و بەشێوەیەکی جوان ئەنجامدراوە و خاوەن پاڵەوانین، دەمانەوێت پارێزگاری لەو مێژووە دەوڵەمەندەی یارییەکەمان بکەین، ساڵانی پێشوو لەکۆی 10 یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق حەوتیان کورد بوون و خەڵکی هەولێر بوون، بەڵام مخابن بارودۆخێک هاتە پێش کە یارییەکە سست بوو".
لیژنەی کاتیی لقی هەولێری یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق ماوەی مانگ و نیوێکە کاردەکات و ئامادەکاری بۆ دەستنیشانکردنی دەستەی گشتی دەکات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بۆ دەستەیەکی نوێ بکات و یارییەکە لە پایتەختی کوردستان بگەشێنێتەوە.
بڕیاربوو یارییەکانی پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی رۆژئاوای ئاسیا سەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵ بە بەشداری 11 وڵات لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی وەرزشیی شەقڵاوە دەستپێبکات و هەفتەیەک بەردەوام بێت، بەڵام مافی میوانداریکردنەکە لە عێراق وەرگیرایەوە و درایە قەتەر.
ئیسماعیل مەولوود، جێگری سەرۆکی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، لەبارەی ئەنجام نەدانی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا لە شەقڵاوە بۆ رووداوی روونکردەوە "ئێمە وەک یەکێیتی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق و رۆژئاوای ئاسیا هەموو ئامادەکارییەکمان کردبوو، تەنانەت ڤیزامان بۆ میوانەکان و شاندەکانیش وەرگرتبوو. بەسوپاسەوە بە هەواهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتی وەرزش بەبێبەرامبەر ڤیزاکانمان وەرگرت، بەڵام لیژنەی ئۆڵۆمپی پارەی خەرج نەکرد و دواجار پاڵەوانێتییەکە بۆ قەتەر گواسترایەوە".
پێشتر سێ پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب لە ساڵەکانی 1980، 2010 و 2021 لە هەولێر بەڕێوەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ