ڤیدیۆ؛ خانمانی کوردستان کۆنترۆڵی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراقیان کردووە

30-10-2025
محەممەد کارێزی
ئەڕشیفی رووداو
ئەڕشیفی رووداو
نیشانەکردن بەرزکردنەوەی قورسایی
A+ A-
رووداو هەولێر 

یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق لە رێگای ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەک لە شاری هەولێر، پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی عەرەب و رۆژئاوای ئاسیای دەستنیشانکرد. 
 
ئەو پاڵەوانێتییە بە بەشداری 42 یاریزانی هەشت یانەی سەر ئاستی کوردستان و عێراق لەنێو هۆڵی داخراوی کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو، یانەی زانکۆی جیهان بووە پاڵەوانی ئاستی پێشکەوتووان، یانەی شەهرەبان نازناوی ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتوانی بردەوە. 
 
ئیسماعیل مەلوود، جێگری سەرۆکی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، بۆ رووداو گوتی "هەولێر لە رووی ئاسایش و گەشتیارییەوە لەگەڵ شێوازی رێکخستنی پاڵەوانێتییەکان زۆر شوێنێکی گونجاوە، یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە لە هەولێر دەتوانێت پاڵەوانێتییەکان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەببات". 
 
دەستەی شارەزایان و راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق لە ماوەی دوو رۆژدا چاودێری ئاستی یاریزانانیان کرد و باشترین یاریزانەکانیان بۆ پێکهاتەی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوان، لاوان و پێشکەوتووان دەسنیشانکرد، بڕیارە بەمزووانە کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەکە دەستپێبکات.
 
جونای عەلی، خانمە یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی، کە پلەی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە بۆ رووداوی روونکردەوە "دڵخۆشم پلەی یەکەمم بردووەتەوە، چاوم لە وەرگرتنی میدالیای پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەیە وەک خوشکەکەم کە زۆر پاڵپشتیم دەکات و لە یازدە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی میدالیای بردووەتەوە". 
 
پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب لە 2022 لەنێو هۆڵی داخراوی شەقڵاوە بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی عێراق کە سێبەشی یاریزانەکانی کورد بوون، نازناوی پاڵەوانێتییەکە و دەیان میدالیای زێریان بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە