رووداو هەولێر
سەرچاوەیەکی نزیک لە شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی یانەی هەولێر، تایبەت بۆ رووداو سپۆرتسی ئاشکراکرد کە یانەی زەورا ئامادەیە نیو ملیار دینار بداتە ئەو یاریزانە. هەروەها گوتیشی "شێرکۆ دەستەوارەیەکی پاڵەوانی خولی ئۆزبەکستانی رەتکردووەتەوە".
شیرکۆ کەریم، ئەستێرەی ناسراوی کورد لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینی ئەمساڵ گرێبەستی لەلایەن یانەی نەساف کارشیی پاڵەوانی خولی ئۆزبەکستانی و سێ یانەی ناوخۆی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ هاتووە.
بەگوێرەی قسەکانی ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو سپۆرتس، یانەی نەساف کارشی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئۆزبەکستان بڕی 400 هەزار دۆلاری پێشکەشی شێرکۆ کەریم کردووە لەپێناو بەدەستهێنانی واژۆی ئەستێرە کوردەکە و پۆشینی درێسی یانەکە لە وەرزی داهاتووی خولی ئۆزبەکی، بەڵام شێرکۆ ئامادەنەبوو روو لە خولی ئەو وڵاتە بکات.
ئەو سەرچاوەیەی نزیک لە شێرکۆ کەریم، لەبارەی نوێترین پێشهات و داواکاریی یانەکان بۆ گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە کوردە بۆ رووداو ئاشکرایکرد "شێرکۆ کەریم، بەشێوەیەکی فەرمی داواکەی یانەی نەساف کارشی ئۆزبەکستانی رەتکردووەتەوە، بەڵام هەریەک لە یانەکانی گەرمە، زەورا و چەند یانەیەکی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش کە بەشداری خولی ئەستێرەکانی عێراقن داوای گرێبەستیان لە شێرکۆ کردووە، یانەی زەورا بڕی زیاتر لە 500 ملیۆنی پێشکەشی شێرکۆ کردووە".
شێرکۆ کەریم، لە چەند وەرزی رابردوو وەک کاپتنی یانەی هەولێر ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و یەکێکە لە ئەستێرە سەرنجڕاکێش و ئاستبەرزەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد "یانەی گەرمە دوێنێ نوێنەری خۆیان ناردبووە شاری هەولێر و هەوڵەکانیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ شێرکۆ کەریم چڕکردووەتەوە".
ئەو ئەستێرە کوردە وەک یاریزانێکی پیشەگەر لە خولی سویسری یاریکردووە، لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق نازناوی جامی کەنداوی 25ـی بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ