رووداو دیجیتاڵ
یانەی سانتۆس گورزێکی کوشندەی بەرکەوت دوای ئەوەی نەیمار بەهۆی پێکانەوە تاوەکو کۆتایی ساڵ لە یاریگەکان دوورکەوتەوە. یانە بەرازیلییەکە لە دۆخێکی خراپدایە و ئەستێرەی سەرەکی لەدەستدا، ئەمەش گەڕانەوەی نەیمار بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل و بەشدارییکردنی لە مۆندیالی 2026 دەخاتە مەترسییەوە.
نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی یانەی سانتۆس تووشی پێکانێکی نوێ بوو لە ئەژنۆی چەپیدا و بەپێی میدیاکانی بەرازیل، ئەو یاریزانە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە سانتۆس لە ناوچەی دابەزینە و لەم قۆناخە هەستیارەدا زۆر پێویستی بە تواناکانی ئەو یاریزانە هەیە.
گۆڵکارە مێژووییەکەی بەرازیل دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەهۆی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی لە یاریگەکان دابڕا، دووبارە گەڕایەوە یاریکردن، بەو هیوایەی ئاستی خۆی بەرزبکاتەوە، بەڵام نەیماری 33 ساڵان لە یاریی رابردووی تیپەکەی بەرامبەر میراسۆڵ، لەکاتی بڕینی بەرگریکارێکدا هەستی بە ئازارێکی زۆر کرد. هەرچەندە یاریزانەکە تاوەکو کۆتایی یارییەکە بەردەوام بوو، بەڵام پشکنینەکان دەریانخستووە پێکانەکەی سەختە و پێویستی بە پشوویەکی درێژخایەن هەیە.
پێکانەکە لەکاتێکدایە کە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل چاوی لەسەر گەڕانەوەی نەیمار بوو بۆ مۆندیال. راهێنەرە ئیتاڵییەکە پێشتر گوتبووی "نەیمار لە لیستی ئەو یاریزانانەدایە دەتوانن کە بۆ مۆندیال دەتوانم پشتی پێبەستم، بەڵام پێویستە ئاست و توانای جەستەیی خۆی بسەلمێنێت". ئەنچێلۆتی ئامۆژگاری نەیماری کردبوو "لە ناوەڕاستی یاریگە یاری بکات نەک وەک باڵ، چونکە یاریزانی باڵ لە تۆپی پێی مۆدێرندا ئەرکی بەرگرییان لەسەرە".
بەهۆی ئەم پێکانەوە، بەشدارییکردنی نەیمار لە چوارەمین مۆندیالیدا لە ساڵی داهاتوودا کەوتووەتە مەتریسییەوە و مسۆگەر نییە، چونکە ئەمساڵ یاری ناکات و وەرزی نوێی خولی بەرازیلیش تاوەکو کۆتایی مانگی 3ـی 2026 دەستپێناکاتەوە، ئەمەش دەرفەتی خۆسەلماندنی بۆ راهێنەری بەرازیل کەم دەکاتەوە و ئەگەری بانگهێشتنەکردنی بۆ مۆندیالی ئەمریکا زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ