ڤیدیۆ؛ تایبەت بە رووداو.. ریال مەدرید چاودێریی 8 کورد دەکات

27-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریال مەدرید
ریال مەدرید
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک قوتابیی بەهرەمەندی وڵاتە جیاوازەکانن، خەونێک کۆیکردوونەتەوە زۆرینەی ئەستێرەکانی ئێستای جیهانی تۆپی پێی لە پێناویدا دەژین، خەونی یارییکردن بۆ ریال مەدرید.
 
هەشت بەهرەمەندی کورد، هاوشانی چەندین منداڵی دیکەی جیهان لە ئیسپانیان، بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی تایبەت بە یانەی ریال مەدرید بکەن، پاڵەوانێتییەکە بەناوی وۆڵد چاڵنجە و دامەزراوەی ریال مەدرید رێکی خستووە.
 
بەهرەمەندە کوردەکان لە کاتێکدا بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکەدا بانگهێشتکراون، سەرەتای ئەمساڵ 25 قوتابی لە قوتابخانەی کورد جینییەس لە سلێمانییەوە چوونە ئیمارات و بەشدارییان لە هەڵسەنگاندێکی تایبەتی یانەی ریال مەدریددا کرد، دوای ئەوە 8 لەو 25 قوتابییە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکەدا هەڵبژێردران.
 
بابان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری تیپی بەهرەمەندە کوردەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پاڵەوانێتییەکە جیهانییە، لە چەندین وڵاتەوە بەهرەمەندەکان هاتوونەتە ئیسپانیا، ماوەی 10 رۆژە بەهرەمەندە کوردەکان خۆیان بۆ پاڵەوانێتییەکە ئامادەدەکەن و 5 رۆژی ئامادەکارییەکانمان لە شاری ڤالێنسیا دەبێت و بەو هیوایەن بەهرەمەندە کوردەکان سەرنجی یانەی ریال مەدرید و دامەزراوەی یانەکە رابکێشن."
 
بەهرەمەندە بەشدارەکانی پاڵەوانێتیی تۆپی پێی تایبەت بە دامەزراوەی ریال مەدرید، لەسەر نوێترین شێواز و هونەری یارییکردن رادەهێنرێن و رۆژانە مەشقی جیاوازیان پێ دەکرێت.
 
تیپی بەهرەمەندە کوردەکان لە شاری ڤالێنسیا خۆیان ئامادەدەکەن، ساڵانە ریال مەدرید بە ئامانجی دۆزینەوەی بەهرەی نوێ پاڵەوانێتییەکە رێک دەخات، کە زیاتر لە 600 یاریزانی ئەکادیمیاکانی تایبەت بە یانەی شاهانە لەسەر ئاستی هەموو کیشوەرەکان تێیدا بەشدارن.
 
بەهرەمەندە کوردەکان لەبەردەم هەلێکی گەورەدان بۆ ئەوەی سەرنجی بەهرەدۆزەرەوەکانی ریال مەدرید رابکێشن و هەلی ئەوەیان هەبێت رۆژێک لە رۆژان بەدرێسی لۆس بلانکۆسەوە یاری بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە