ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید زیاتر لە لالیگا نزیکبووەوە و ریکۆردی نوێی تۆمارکرد

27-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریال مەدرید
ریال مەدرید
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەدەستهێنا و هەنگاوێکی گرنگ لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگای نزیکبووەوە.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی لالیگا، یانەی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ریال سۆسیداد یارییکرد، ریال مەدرید بەهۆی ئەوەی یارییەکی گرنگی بەرامبەر بایرن میونشن هەیە، لە یارییەکەدا بە پێکهاتەیەکی یەدەگەوە دەرکەوت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، رێزلێنان درایە دەیڤد سیلڤا، ئەستێرەی ئیسپانی و پێشووی یانەی ریال سۆسیداد.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا تاکیفوسا کوبۆ نزیکبوو گۆڵێک تۆماربکات، بەڵام بەختی نەبوو.
 
لە خولەکی 29 ئاردا گولەر، یاریزانی لاوی تورک، گۆڵێکی بۆ یانەی ریال مەدرید تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا سێ خولەک کوبۆ ئەنجامەکەی بۆ ریال سۆسیداد یەکسانکردەوە، بەڵام ناوبژیوان گەڕایەوە بۆ ڤار و گۆڵەکەی رەتکردەوە.
 
دوای ئەوە هەردوولا لە هێرشبردن بۆ سەر گۆڵی یەکدی بەردەوامبوون، بەتایبەت ریال سۆسیداد بەهۆی ئەوەی لە یاریگەی خۆیدا یاریی دەکرد نەیدەویست یارییەکە لەدەستبدات.
 
یاریزانانی خاوەن یاریگە چەندین هەلیان بۆ گۆڵکردن لەدەستدا و ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە ریال مەدرید لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا بووە خاوەنی 84 خاڵ و لە پێنج یارییدا داهاتوو تەنیا پێویستیی بە چوار خاڵە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوانی ئیسپانیا.



دوای بەدەستهێنانی ئەم سێ خاڵە ریال مەدرید چەند ئامار و ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد
 
* ریال مەدرید بە جیاوازیی 14 خاڵ لەگەڵ پلەی دووەم لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگایە.
 
* ریال مەدرید خاوەنی زۆرترین بردنەوەیە لەم وەرزەی خولەکەدا و 26 یاریی بردووەتەوە.
 
* ریال مەدرید تاکە یانەیە لەم وەرزەی لالیگادا لە یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاوە.
 
* 7 مانگە یانەکە لە لالیگادا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، کە درێژترین ماوەیە لەم وەرزەدا.

 
* ریال مەدرید زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە، 71 گۆڵ، کەمترین گۆڵی لێکراوە 22 گۆڵ.
 
* ریال مەدرید لە دوایین 50 یارییدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا تەنیا 2 یاریی دۆڕاندووە، هەردووکیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە، 50 یاری، 38 بردنەوە، 10 یەکسانبوون و 2 دۆڕان.
 
* ریال مەدرید لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، کاتێک ئورلیێن چوامینی بەشێوەی سەرەکی یاریی کردبێت، 29 یاری، 24 بردنەوە، 5 یەکسانبوون و 0 دۆڕان.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە