رووداو دیجیتاڵ
چاڤی هێرناندێز لەسەر هێڵ نابێت و بارسێلۆناش لەژێر چاودێرییەکانی ئەودا لەنێو پەیژەکانی یاریگەوە، بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت لەپێناو زیندوو هێشتنەوەی چانسی تیپەکە لە بەدەستهێنانی نازناوی لالیگای ئەمساڵ.
لە مۆنتوجویک، بارسێلۆنا بەدوای سێ خاڵی دیکەدا دەگەڕێت، کاتێک میوانداریی لاس پاڵماس دەکات و یانە کەتەلۆنییەکە هیواخوازە پاش سەرکەوتنی خۆی لە یارییەکەی ئەمشەودا، سبەی شەو هەواڵی خۆشتری کەوتنی ریال مەدریدی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆوە پێبگات.
بۆ بارسێلۆنا رووبەڕووبوونەوەی لاس پاڵماس و سەرجەم یارییەکانی دیکەی وەرزەکە تاوەکو کۆتایی، جەنگانە و سەرسەختانە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ویستە زۆرەیە کە ریال مەدرید بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوی لالیگا پێشانیداوە و بارسا لەو یارییانەدا کە لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامیاندەدات، پێویستی بەبەدەستهێنانی خاڵەکانی یارییەکان هەیە، تاوەکو هاوکێشەی خولەکە زووتر لە بەرژەوەندی ریال مەدرید کۆتایی نەیەت.
چاڤی هێرناندێزی راهێنەر، کە هێشتا مشتومڕ لەبارەی بڕیاری رۆیشتنەکەیەوە لە یانەکە بەردەوامە، لە یارییەکەدا بەهۆی سزای راگرتنەوە بۆی نییە لەسەر هێڵ بێت و ئۆسکار هێرناندێزی یاریدەدەری شوێنی دەگرێتەوە و ئەو یاریدەدەرە کە هاوکات برای چاڤییە، لە هەر یارییەکدا لەسەر هێڵ بووبێت، تیپەکە نەدۆڕاوە.
بەر لە یارییەکەی لاس پاڵماس و لە دوا مەشقەکانی بارسێلۆنادا، تێرشتیگنی گۆڵپارێز دووچاری پێکانبووە و ئەو گۆڵپارێزە پێشبینیکراوە بەشداریی لە یارییەکەی ئەمشەودا نەکات و دەرنەکەوتنی تێرشتیگن لە هەر یارییەکدا، ترس لای هاندەرانی بارسێلۆنا دروستدەکات.
لاس پاڵماس کاتێک دەچێتە یاریگەی بارسێلۆنا، هەست بەئارامیی دەکات لەوەی ئەنجامی یارییەکە هەرچییەک بێت. ئەو تیپە کە لە پلەی یانزەی ریزبەندی خولەکەیە مەترسیی دابەزینی لەسەر نییە و بەپێچەوانەوە پاڵنەری ئەوەی هەیە خەون بەبەشدارییەکی ئەوروپییەوە لە وەرزی داهاتوو ببینێت، بەڵام کاتێک ئاوڕ لە رووبەڕووبوونەوەکانی خۆی دەداتەوە لە ساڵانی رابردوودا بەرامبەر بارسێلۆنا، ئەوەی بۆ رووندەبێتەوە کە هەموو کات سەرکەوتن بەسەر بارسادا زەحمەتە و دوایینجار کە ئەو ئاواتەی بەدیهاتبێت، ساڵی 1986 بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ