رووداو - هەولێر
هارڤی وینستن، بەرهەمهێنەری سینەمایی هۆڵیوود و بەرهەمهێنەری چەندین فیلمی براوەی ئۆسکار بە تۆمەتی ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر هاوکارەکانی بە 23 ساڵ زیندانی سزادرا.
هارڤی وینستن تەمەنی 67 ساڵە و لە هۆڵیوود ناوبانگی زۆری بۆ خۆی دروستکردبوو، بەڵام ئەمڕۆ بە دوو تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی زیندانی کرا.
نزیکەی 80 ژن کە لەنێویاندا ئەکتەری سینەمایی بەنێوبانگ هەن دەڵێن، لەکاتی کارکردنیاندا وینستن دەستدرێژیی کردووەتە سەریان.
یەکێک لەو ژنانەی کە ویسنتن دەستدرێژیی کردووەتەسەر، میمی هاڵییە کە پێشتر لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ وینستن کاریکردووە و دەڵێت، رۆژێک تاوانبارەکە بانگیکردووە بۆ ماڵەکەی خۆی لە مانهاتن، دواتر بردوویەتی بۆ ژووری نووستن و پاڵی پێوەناوە بۆسەر تەختی نووستنەکەی و ئیشی خۆی لەگەڵدا کردووە.
یەکێکی دیکە لەو ژنانە دەڵێ، ساڵی 2013 رەتیکردووەتە لەگەڵی بخەوێ، بەڵام وینستن بەزۆر دەستدرێژیی سێکسی کردووەتەسەر؛ هاوکات سێ ژنی دیکەش دەڵێن، تاوانبارەکە لە سەرەتادا بە بیانووی کۆبوونەوە بانگی کردوون بۆ ماڵی خۆی، بەڵام وردەوردە خۆی لێیان نزیککردووەتەوە و دەستی لێیان نەپاراستووە.
لەنێوان ئەم هەموو تۆمەتانە، لە دادگا دوو تۆمەتی بەسەردا ساخبووەتەوە و دادوەر بڕیاریدا بە بەندکردنی تاوانبارەکە بۆ ماوەی 23 ساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ