ترەمپ: ئێران 10 هێندە بەهێزتر لەوەی پێشبینیان دەکرد لێیان درا

14-06-2025
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێی لەبارەی گورزەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاشکرا کرد و بە میدیای وڵاتەکەی گوت، گورزەکە "10 هێندە بەهێزتر بووە" لەوەی تاران پێشبینیی دەکرد.
 
رۆژی هەینی 14-06-2025 دۆناڵد ترەمپ بە (فۆکس نیوز)ـی گوت: "ئێران 10 هێندە بەهێزتر لەوەی پێشبینی دەکرد لێیدرا."
 
ئەم لێدوانە بە روونترین پەیامی پشتگیریی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو"ـی ئیسرائیل دادەنرێت و لە هەمان کاتدا هۆشدارییەکی راستەوخۆیە بۆ تاران لەبارەی ئەنجامەکانی هەر جووڵەیەکی دیکە.
 
لێدوانەکەی ترەمپ لەگەڵ هەڵوێستە پێشووەکانی یەکدەگرێتەوە، کە تێیدا چەندین جار داوای لە ئێران کردووە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی و هۆشداریداوە کە ئەگەرنا، رووبەڕووی هێرشی "دڕندانەتر" دەبێتەوە.
 
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گرژییەکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت. دوای ئەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانی ئەنجامدا، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان فەرماندەی باڵای سەربازی، لەنێویاندا حوسێن سەلامی و محەممەد باقری، لەگەڵ ژمارەیەک زانای ئەتۆمی، ئێرانیش بە چەندین شەپۆلی مووشەکی وەڵامی دایەوە.
 
هێرشەکانی ئێران زیانی گیانی و مادیی زۆری لە ئیسرائیلدا لێکەوتەوە، لەنێویاندا کوژرانی ژنێک، برینداربوونی دەیان کەس و رووخانی چەندین باڵەخانە لە تەلئەڤیڤ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە