رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "نایاب بوو، چونکە ئێمە پەیوەندییەکی نایابمان هەیە."
ئەمڕۆ (شەممە، 15-2-2025) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەگەڵ دیک سخۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، سخۆف قسەی بۆ ئاڵا شاڵی کرد و گوتی "کۆبوونەوەکە نایاب بوو، چونکە ئێمە پەیوەندییەکی نایابمان هەیە".
دیک سخۆف لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیش قسەی کرد و رایگەیاند "پێموایە هەڵبژاردنەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچوو. ئەوەش بۆ گەشە [ـی هەرێمی کوردستان] زۆر گرنگە. پێموایە ئێستا ئێوە لە هەولێر چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی هاوپەیمانین و هیوادارم سەرکەوتوو بن. بە شێوەیەکی نەریتی، پەیوەندیی نێوان هۆڵەندا، سەرۆک و سەرۆکوەزیران (ـی هەرێمی کوردستان) هەمیشە نایاب بووە."
پێشهاتەکانی ناوچەکە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا بوون. دیک سخۆف بە رووداوی گوت، "ئەوەی کە سەرۆک بارزانی [نێچیرڤان بارزانی] گوتی، ئەوەیە؛ گرنگە کورد لەگەڵ حکومەتی سووریا لەپەیوەندیدا بن و ببنە بەشێکی حکومەتی نوێی سووریا."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتبووی، پەیوەندییەکانی هۆڵهندا لهگهڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، چۆنيێتیی پتهوكردنى هاريکاریی هاوبەش لە بوارە جياجیاکان تاوتوێ كرا، ههروهها بيروڕا لهبارهى پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکه، بهتايبهتى دۆخى سووريا ئاڵوگۆڕ کرا.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی هاوبەشی لەگەڵ هۆڵەندا کردەوە و ستایشی رۆڵی هۆڵەندای لە چوارچێوەی هاوپەیمانيێتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتگیریی بەردەوامی لە راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانیان کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە دیک سخۆڤ ئامادەیی هۆڵەندای بۆ بەردەوامیی پشتگیریی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە و ئاماژەی بە خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش بهتايبهتى له بوارى ئاسايش و ئابووريدا کرد.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا:
رووداو: بەڕێز سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن بوو؟
دیک سخۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا: کۆبوونەوەکە نایاب بوو، چونکە ئێمە پەیوەندییەکی نایابمان هەیە؛ هەروەها پێموایە هەڵبژاردنەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچوو. ئەمەش بۆ گەشە [ـی هەرێمی کوردستان] زۆر گرنگە. پێموایە ئێستا ئێوە لە هەولێر چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی هاوپەیمانن و هیوادارم سەرکەوتوو بن. بەشێوەیەکی نەریتی، پەیوەندیی نێوان هۆڵەندا، سەرۆک و سەرۆکوەزیران (ـی هەرێمی کوردستان) هەمیشە نایاب بووە.
رووداو: باشە ئێوە چۆن دەتوانن هاوکاریی کورد بکەن لە سووریا بۆ ئەوەی بگەنە مافەکانیان؟
دیک سخۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا: ئەوەی سەرۆک بارزانی [نێچیرڤان بارزانی] گوتی، ئەوەیە؛ گرنگە کورد لەگەڵ حکومەتی سووریا لەپەیوەندیدا بن و ببنە بەشێکی حکومەتی نوێی سووریا، ئەمە زۆر گرنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ