رۆژێکی مێژوویی بۆ دیپلۆماسییەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن

15-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
نیشانەکردن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووەمی کۆنفرانسی میونشن بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان، پڕ بەرهەم بوو. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێشوازیێکی گەرمی لێکرا.
 
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت، "هاوبەشیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەمریکامان دووپات کردەوە. گفتوگۆمان لەسەر رێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و بەهێزکردنی پابەندیی هاوبەشمان بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کرد. سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی وەزیری دەرەوەی ئەمریکام کرد."
 
کۆبوونەوەیەکی دیکەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بوو. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لامی دووپاتیکردەوە بەریتانیا لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشم لەگەڵ دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هەبوو بۆ جەختکردنەوە لە هاوبەشییە لەمێژینەییەکەمان. باسمان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان کرد. لەبەرامبەر پشتیوانیی بەردەوامی بەریتانیا، سوپاسی وەزیری دەرەوەم کرد."
 
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان پاریس و هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە، جەختی لە پابەندبوونی فەرەنسا بە پشتگیریکردن له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه‌ ئەمنیيه‌كان کردەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمییە گرنگەکان، لەگەڵ ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە میونشن کۆبوومەوە. پێزانینی خۆم بۆ پشتیوانیی نەگۆڕی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی."
 
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەکێکی دیکە بوو لەو سەرکردانەی جیهان، کە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. 
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "زۆر خۆشحاڵ بووم بە بینینەوەی هاوڕێم مارک رووتە،" دەشڵێت، باسیان لە بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنی عێراق و ناتۆ، پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەڕەشەی بەردەوامی داعش، کردووە.
 
هەروەها سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دیک سخۆڤ، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. 
سخۆف بۆ رووداو باسی لە کۆبوونەوەکە کرد. 
 
دیک سخۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا "کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو، چونکە ئێمە پەیوەندییەکی نایابمان هەیە؛ هەروەها پێموایە هەڵبژاردنەکە (هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان) زۆر بە باشی بەڕێوەچوو. ئەمە بۆ گەشە گرنگە."
 
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، نێچیرڤان بارزانی و رۆمێن رادێڤ، سەرۆکی بولگاریا بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووری، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد. 
 
سەرۆکی بولگاریا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ رووداو خستەڕوو و گوتی "پەیوەندیی ماوەدرێژمان هەیە، دەرفەتێکی گەورە هەیە، پەیوەندییەکانمان درێژتر، فراوانتر و قووڵتر بکەینەوە. ئامادەین پشتگیریتان بکەین تاوەکو نەوت، گاز و بەرهەمەکانتان هەناردەی ئەورووپا بکەن."
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە زۆربەی کۆبوونەوەکاندا، دۆخی سووریا تەوەرێکی سەرەکی بووە کە سەرکردەکانی جیهان ویستوویانە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بیروڕا ئاڵۆگۆڕ بکەن. 
 
یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگەکانیشی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بوو کە وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی "جەختی لە پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کورد و ته‌واوی پێکهاته‌کان له‌ سووریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ نیکۆل پاشنیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئەورووپا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تاوتوێکرد. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە