بەرپرسێکی باڵای حیزبێکی ئەڵمانیا پاڵپشتیی مانەوەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەکات

15-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی گرووپی پەرلەمانیی پارتی یەکێتیی کۆمەڵایەتیی مەسیحی (CSU) کۆبوونەوە. پارتە ئەڵمانەکە لەبارەی کۆبوونەوەکە لە ئێکس بڵاویکردەوە، سەرۆکەکەیان پاڵپشتی مانەوەی هێزەکانیان دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان. 
 
رۆژی 15ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەلێکساندەر دۆبرینت، سەرۆکی گرووپی پەرلەمانیی پارتی یەکێتیی کۆمەڵایەتیی مەسیحی (CSU) لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) کۆبوونەوە. 
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە هەژماری پارتە ئەڵمانییەکە لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەلێکساندەر دۆبرینت پاڵپشتیی خۆی بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی". 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی بەردەواميی پشتگیریی ئەڵمانیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، بەتایبەتی لە بواری راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی ژێرخانی ئەمنی. هه‌روه‌ها ئاماژەی بە خواستی هەرێمى كوردستان بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانیا لە هەموو کەرتەکاندا کرد.
 
ئێستا ئەڵمانیا 500 راوێژکاری سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە، لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە ئەرکی هاوپەیمانیی ناتۆ لە عێراق هەروەها وەکو ئەندامێکی کاراش لە شەڕی دژ بە داعش. 
 
هێزەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2015ـەوە لە هەرێمی کوردستان و عێراقن وەکو ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش. ئەڵمانیا رایگەیاندووە ئەوان لەسەر دوو بنەما لە هەولێر و بەغدان ئەوانیش؛ هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەنێویشیان هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. هەروەها پشتگیریی مەشق و را‌هێنان بە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، دۆبرینت بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە، "هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی لە سەقامگیری ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەران هەیە". ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەرێمی کوردستان وەکو هاوبەشێکی گرنگمان لە ناوچەکە دەمێنێتەوە". 
 
ئەرکی سوپای ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 31-10-2024 کۆتاییدەهات، بەڵام دوو هەفتە پێشتر، پەرلەمانی وڵاتەکە ئەرکی ئەو هێزانەی بۆ ماوەی 15 مانگ، تاوەکو 31ـی کانوونی دووەمی 2026 درێژ کردەوە. 
 
لە دوای 2015ـەوە ئەڵمانیا زیاتر لە 2.4 ملیار یۆرۆی بۆ بواری مرۆیی، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خەرجکردووە. هەروەها لە سووریا، سوپای ئەڵمانیا، لەچوارچێوەی هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 85 ملیۆن یۆرۆی وەکو هاوکاریی مرۆیی خەرجکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە