رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک سەرکردەی گرنگی جیهان لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بەردەوامبوونی پشتیوانیی وڵاتەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا بە جیا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، تورکیا و سووریا، سەرۆکی بولگاریا، سەرۆکوەزیرانەکانی هۆڵەندا و ئەرمینیا، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە کۆبووەوە.
کۆنفرانسە سێ رۆژییەکەی ئەمساڵ لە کاتێکی گرنگ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان هات، لە کاتێکدا شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، هەروەها رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەکە گۆڕیوە و لە لایەکی دیکەشەوە، گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆشکی سپی، ئاسۆیەکی نوێی بۆ سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە.

ئەمریکا "به بايهخهوه" له عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت
رۆژی شەممە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا برهودان به پهيوهنديى ستراتيژيى ئهمريكا لهگهڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بهردهواميى هاريكاريى هاوبهشى نێوانيان له ههموو بوارهكاندا، دۆخى ئهمنى و مهترسييهكانى تيرۆر و بهرهنگاربوونهوهى ههڕهشهكانى داعش له عێراق و سووريا، تاوتوێ كران."
ئەمریکا بە نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و سەرکردایەتیی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە دەکات، کە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات.
تەوەرێکی هاوبەشی هەموو کۆبوونەوەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژئاوا، رێگریکردن بوو لە سەرهەڵدانەوەی گرووپە پەڕگیرەکە.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ روبیو دەڵێت "هاوبەشیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەمریکامان دووپات کردەوە. گفتوگۆمان لەسەر رێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و بەهێزکردنی پابەندیی هاوبەشمان بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کرد."
راگەیێندراوەکەی رۆژی شەممەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، سهرۆك نێچيرڤان بارزانى وهزيرى دهرهوهى ئهمريكاى بانگهێشت كرد بۆ رێوڕهسمى كردنهوهى باڵاخانهى نوێى كۆنسووڵخانهى گشتيى ئهمريكا له ههولێر، کە هێشتا وادەکەی دیارنییە، "ئهويش خۆشحاڵيى به بهشداريكردن له رێوڕهسمهكهدا نيشان دا."
کۆنسووڵخانەکە گەورەترین باڵەخانەی دیپلۆماسییە لە سەرانسەری جیهان دروستکرابێت و لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکییەوە بە هێمای پابەندبوونی دوورمەودای واشنتن بە هاوپەیمانیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لێکدەدرێتەوە.
بەگوتەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، روبیۆ "دووپاتى كردهوه كه ئهمريكا وهك هاوپهيمانێك، بهبايهخهوه له پهيوهندييهكانى لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان دهڕوانێت و پابەندیی ئهمريكاى بۆ بهردهواميى پشتگیریی له سەقامگیریيان دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی هاوکاریی ئەمنی و سەربازی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه هاوبەشەکان و بەهێزکردنی گەشەی ئابووری و پهرهپێدان."

"بهریتانیا له پشتگیریکردنی ههرێمی کوردستان بهردهوام دهبێت"
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا لەگەڵ دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، "نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی بەردەوامی بهریتانیا له عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بهتایبهتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەرەپێدانی دامەزراوە ئەمنییەکان دا، ههروهها جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا،" ئەمە وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی دەکات.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لامی پابەندیی شانشینی یەکگرتووی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و رایگهیاند بهریتانیا له پشتگیریکردنی ههرێمی کوردستان بهردهوام دهبێت."
بەریتانیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە و لە چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان یارمەتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەدات.
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە "هاوبەشیی لەمێژینەی" نێوان هەولێر و لەندەن کرد و باسیان لە "بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان کرد."
وەک لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی یەکەمی پار، هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و دۆخی سووریا بەشێک بوون لە تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە.
فەرەنسا پێوایە هەرێمی کوردستان رۆڵی "لە پاراستنی سەقامگیریدا "هەیە لە پۆستێکی دیکەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمییە گرنگەکان، لەگەڵ ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە میونشن کۆبوومەوە. پێزانینی خۆم بۆ پشتیوانیی نەگۆڕی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گرنگیی "گرنگیدانی فەرەنسای بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمى كوردستان لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا کرد و نوێکردنەوەی پابەندیی فەرەنسای بۆ پشتگیری له عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه ئەمنیيهكاندا، راگەیاند."
ئەو وڵاتە ئەورووپییەش بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشدارە.

"ناتۆ پابەندبوون بە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە"
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەکێکی دیکە بوو لەو سەرکردانەی جیهان، کە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "زۆر خۆشحاڵ بووم بە بینینەوەی هاوڕێم مارک رووتە،" دەشڵێت، باسیان لە بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنی عێراق و ناتۆ، پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەڕەشەی بەردەوامی داعش، کردووە.
لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، رووتە "پابەندیی ناتۆی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمى كوردستاندا کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان له ناوچهكە دا."

سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا: پەیوەندییەکی نایابمان هەیە
نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دیک سیخۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا باسیان لە چۆنیێتیی "بەهێزترکردنی پەیوەندی" هەولێر و ئەمستردام و "بەرەوپێشبردنی ئەو پرسانە کرد کە لە بەرژەوەندیی هاوبەش"ـی هەردوو لادان.
هەروەها سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سیخۆڤ "ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە."
لەبارەی کۆبوونەوەکەیان، سیخۆف بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی گوت "کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو، چونکە ئێمە پەیوەندییەکی نایابمان هەیە،" گوتیشی پێوایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "زۆر بە باشی بەڕێوەچووە" و بۆ گەشەکردنی هەرێمی کوردستان "گرنگە."

بولگاریا هیواخوازە نەوتی کوردستان بگاتەوە بە ئەورووپا
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، نێچیرڤان بارزانی و رۆمێن رادێڤ، سەرۆکی بولگاریا "بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووری، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد".
سەرۆکی بولگاریا بە رووداوی گوت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان "پەیوەندیی لەمێژینەمان هەیە، دەرفەتێکی گەورە هەیە، پەیوەندییەکانمان درێژتر، فراوانتر و قووڵتر بکەینەوە. ئامادەین پشتگیریتان بکەین تاوەکو نەوت، گاز و بەرهەمەکانتان هەناردەی ئەورووپا بکەن."
سەرۆکایەتیی بولگاریا جەختدەکاتەوە، وڵاتەکەیان بە بایەخەوە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان و گەیشتنی گازەکەی بە بازاڕەکانی ئەورووپا دەڕوانێت.
لەبارەی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک، نووسینگەی سەرۆکایەتیی بولگاریا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رادیێڤ "هیوای خواست بە زووترین کات هەناردەکردنەوەی نەوت بە بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان دەستپێبکاتەوە کە دەبێتە هۆی گەیاندنی راستەوخۆی نەوتی عێراق بۆ ئەورووپا".
هەناردەی نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق – تورکیاوە لە ئاداری 2023ـەوە وەستا، دوای ئەوەی کە دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس فرۆشتنی زێڕە رەشەکەی لە لایەن تورکیا بێ رەزامەندیی بەغدا بە نایاسایی دانا.
هەولێر و بەغدا بەم دواییانە هەنگاوی بەرچاویان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ناوە بەڵام هێشتا هەناردە دەستیپێنەکردووەتەوە.
پێش ئەوەی بوەستێت، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆڕییەکەوە هەناردەی جیهان دەکرا، کە ئەوە 10٪ـی کۆی هەناردەی نەوتی عێراق و 0.5٪ـی بەرهەمی نەوتی جیهانی پێکدەهێنا.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی بولگاریا، وڵاتە ئەورووپییە کە چاوی لەوەیە هەرێمی کوردستان و عێراق بکاتە سەرچاوەیەک بۆ هاوردەکردنی وزە، لە کاتێکدا هەوڵدەدات جێگرەوەیەک بۆ وزەی رووسی بدۆزێتەوە.
پێش دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2022، ئەو وڵاتە زیاتر لە 90٪ گازی سرووشتییەکەی لە رووسیاوە هاوردە دەکرد. بەڵام دوای جەنگەکە وەستا.
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی بولگاریادا هاتووە، سەرۆکی ئەو وڵاتە بە نێچیرڤان بارزانیی رایگەیاند "عێراق دەتوانێت رۆڵێکی گەورەتر لە دابینکردنی سەرچاوەکانی وزە و دروستکردنی فرەسەرچاوەیی وزە بۆ ئەورووپا هەبێت، بەتایبەت لە رێگەی پرۆژەی وزەی سەوزەوە."

تورکیا دەخوازێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەهێزتر بکات
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی میونشن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییهكانى عێراق و هەرێمی کوردستان لهگهڵ تورکیا تاوتوێ کران، هەروەها باسيان له
چۆنيهتيى بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارى سیاسی، ئابووری و ئەمنيدا كرد و تيشكيان خستهسەر پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و سووریا و ناوچەکە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاکان فیدان "خواستى تورکیای بۆ بەهێزکردنی زياترى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا نيشان دا، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه ئەمنییەکان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشانەوە لە ناوچەکەدا کردەوە".

نێچیرڤان بارزانی "جەخت لە پاراستنی مافەکانی گەلی کورد" لە سووریا دەکاتەوە
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە زۆربەی کۆبوونەوەکاندا، دۆخی سووریا تەوەرێکی سەرەکی بووە کە سەرکردەکانی جیهان ویستوویانە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بیروڕای لەبارەوە ئاڵۆگۆڕ بکەن.
یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگەکانیشی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بوو کە وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی "جەختی لە پاراستنی مافهکانی گهلی کورد و تهواوی پێکهاتهکان له سووریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە."
هەر بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، وەزیری دەرەوەی سووریا، پابەندیی سووریای بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و رەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ دیالۆگی نیشتمانی دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر خواستی سووریا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان کردەوە." دۆخی هەرێمایەتی و ئاڵنگارييه هاوبەشەکان، لەگەڵ چۆنیەتیی هاوکاریی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو."
ئەسعەد شەیبانی وەزیری قۆناخی راگوزەری سووریایە و حکومەتەکەی لە مانگی رابردووەوە دەستبەکاربووە، ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام لە 08-12-2024 چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا.

هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا "بەهێزکردنی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن"
کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نیکۆل پاشنیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا بوو.
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەرمینیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات "هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان بە هاوبەشی بازرگانی دوولایەنە دەربڕی و جەختیان لە گرنگی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان کردەوە کە وزەیەکی زیاتر بە پەیوەندییە ئابوورییەکان دەبەخشێت".
هەروەها باس لەوە دەکات، هەردوو سەرکردە "بیروڕایان لەبارەی پرسە گرنگەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لە گرنگی جێبەجێکردنی هەنگاوە بەردەوامەکان بەرەو دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەشڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییهکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لهگهڵ ئەرمینیا تاوتوێ کران، "هەروەها باسيان له چۆنيهتيى بەهێزکردنی هاوکاریی لە بواری ئابووری، کولتووری، كار و بازرگانیدا كرد و لەبارەی گهشتى ئاسمانيى راستهوخۆى ههولێر ـ يهريڤان، بيروڕايان گۆڕييهوه."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان دەڵێت "نێچیرڤان بارزانی خواستى ههرێمى كوردستانى بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەرمینیا دهربڕى و دووپاتى كردهوه كه ههردوولا دهتوانن له چهندين بواردا هاريكاريى هاوبهش بكهن، بهتايبهتى لهو كهرتانهدا كه بۆ ههردوولا پێويستن."
"نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی گرنگی" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، ئێلیسا سلۆتکین، سیناتۆری ئەمریکی بە رووداوی راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "رۆڵێکی گرنگی" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئیدارەی نوێی وڵاتەکەی بیر لە هەڵوێست و هەنگاوەکانی لەبارەی ئۆکراینا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چین دەکاتەوە.
ئێلیسا بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە "زۆر باش بوو. هەمیشە زۆرم پێخۆشە دۆستە کوردەکانی خۆم ببینم، هەست دەکەم زۆر لە سەرکردە کوردەکانەوە نزیکم. زیاتر لە 20 ساڵە یەکدی دەناسین".
سیناتۆرە ئەمریکییەکە گوتیشی "من و بەڕێز بارزانی باسی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەمان کرد؛ ئەوەی کە لە سووریا دەگوزەرێت، ئێران، لوبنان و تەواوی ناوچەکە. ئەو لە تەواوی ناوچەکە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لەو گۆڕانکارییانەی لەوێ روودەدەن. بۆیە من ویستم ئامۆژگاریی ئەو وەرگرم و چۆن بیر لەو گۆڕانکارییە گەورانە بکەینەوە کە لە ناوچەکە روودەدەن."
ئەو سیناتۆرە ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆک ترەمپ و کابینەکەی بیر لە هەڵوێستەکانیان لەبارەی ئۆکراینا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چین دەکەنەوە"؛ لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش گوتی "بێگومان ئێمە لە سووریا وەبەرهێنانی زۆرمان کردووە، هەسەدەش هاوبەشێکی راستەقینە بوون بۆ ئێمە و ئەرکە قورسەکەیان لەوێ لە ئەستۆ گرتووە. هەروەک دەزانن، لەوێ ئەو شوێنانە هەن کە بەندکراوی داعشیان تێدایە، دەبێت دڵنیابینەوە کە سووریا جارێکی دیکە نابێتەوە پەناگەیەکی ئارام بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان. بەڕای من، زۆر گرنگە کە لە پەیوەندیدا بمێنینەوە".
بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی ئهمريكا له عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لەبواری ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانيهتیی نێودەوڵەتیدا، ههروهها جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە کردەوە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ