رووداو دییجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا، وەزارەتی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی وڵاتەکە کۆبووەوە.
شاندەکە پێکهاتبوون لە د. نیلس شمید، گوتەبێژی کاروباری دەرەوە و هاوئاهەنگیکاری گرووپ لە لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی (SPD)، ئەندریاس شوارز، ئەندامی لیژنەی بەرگری، مێتن هاکڤێردی، ئەندامی لیژنەی بودجە و نیلس ئانین، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "جهخت له گرنگیی برهودان به پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لهگهڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرایهوه، هەروەها لەبارەی دۆخی عێراق و ههرێمی کوردستان و پێشهاتهکانی ناوچهکه، بیروڕایان گۆڕییهوه."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانیا کردەوە، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگە و پاراستنی ئارامی و سهقامگیری.
سەرۆکایەتیی هەرێم دەشڵێت، ئەندامانی شاندەکە وێڕای ستایشکردنی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکهدا، داکۆکییان لە دۆستایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کردەوە، ههروهها پابەندیی ئەڵمانیایان بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دهربڕی و ئاماژەیان بە گرنگیی فراوانکردنی هاوبەشی لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئاسایش و پێویستیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی هاوبەش کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییه ئەمنییهکان.
ههڵبژاردنی پهرلهمانی کوردستان و ههوڵهکانی پێکهێنانی کابینهی تازهی حکومهتی ههرێمی کوردستان، دۆخی ئاوارە و پەنابەران، پێکهاتهکان لە هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییهکانی سووریا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ