رووداو دیجیتاڵ
لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نوێنەری ئیسرائیل چەندین پەیامێکی ئاراستەی ئێران کرد و رایگەیاند، تاران "هەوڵی تیرۆرکردنی بنیامین نەتەنیاهوو و دۆناڵد ترەمپ داوە." هەروەها گوتیشی: "پارەداری تیرۆر لە جیهاندا دەکات."
دانی دانن، نوێنەری ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی: "حکومەتی ئێران ژمارەیەکی زۆر ئیسرائیلی لە سەرانسەری جیهاندا کوشتووە."
لەبارەی توانای سەربازیی ئێرانەوە، نوێنەری ئیسرائیل جەختی کردەوە: "هیچ شتێک هێندەی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی ناکات." و ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێران بەردەوام توانا مووشەکی و بالیستییەکانی فراوان دەکات و مووشەک بە مەودای زیاتر لە 4 هەزار کیلۆمەتر پەرەپێدەدات."
نوێنەری ئیسرائیل لەبارەی هۆکاری هەنگاوەکانی وڵاتەکەی دژی ئێران گوتی: "هەنگاوەکەمان دوایین پەناگە بوو بۆ راگرتنی تاوانەکانی ئێران، دوای ئەوەی هەموو رێگەکانی دیکەمان تاقیکردەوە."
ئەو نوێنەرە ئیسرائیلییە ئێرانی بەوەش تۆمەتبار کرد کە هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی سڤیل و گوتی: "ئێران مووشەکی ئاراستەی نەخۆشخانەیەک کردووە کە خزمەتگوزاری پێشکێشی ملیۆنان کەس دەکات."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، "بەشێوەیەکی بەردەوام داوای سڕینەوەی ئیسرائیلی کردووە."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، نوێنەری ئیسرائیل داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد هەڵوێستی هەبێت و گوتی: "ئێمە ئارامیمان نەماوە و پێویستە ئەم ئەنجوومەنە کۆتایی بەم گاڵتەجاڕییەی ئێران بهێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ