گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: دۆناڵد ترەمپ هیوای بە دانوستاندن هەیە

20-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ترەمپ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دانوستاندن، ئەمریکا لەنێو گفتوگۆکاندایە."
 
لەبارەی زیانی ئەمریکا لە جەنگەکە تامی برووس گوتی: "هیچ ئەمریکییەک بەهۆی جەنگی ئێران- ئیسرائیلەوە نەکوژراوە."
 
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستی سەرۆکی وڵاتەکەی لەبارەی جەنگەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت: "هیواخوازە دانوستاندنەکان بکرێن."
 
لەبارەی ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر هێزەکانیان، ئەو گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کارمەند و هێزەکانمان لێکەوتەی مەترسیداری بۆ خۆی دەبێت."
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن:
 
"دڵنیام گوێت لە قسەی وەزیری دەرەوەی ئێران بووە کە دەڵێت، ئێمە ناگەڕێینەوە سەر مێزی دانوستاندن ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران نەوەستێنێت و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناکەن تاوەکو ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران رانەگرێت. ئایا ئێوە ئامادەن نێوەندگیریی بۆ ئاگربەست بکەن ئەگەر بزانن ئەوە یارمەتیتان دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن؟"
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
"وەک روونە، من ناتوانم هیچ پێشبینییەک لەسەر ئەوە بخەمە روو. هەروەها ناتوانم وردەکاریی ئەو شتانەی کە ئێستا روو دەدەن، یان ئەوەی کە کاردانەوەی سەرۆک و وەزیری دەرەوە بۆ ئەو دانوستاندنانە چۆن دەبێت، وەسف بکەم. ئەمە بنەمایەکی ئێمەیە لێرە. واناکەین. بەڵام بێگومان وەک خۆتان دەزانن، لە قسەکانی سەرۆکەوە دیارە کە هێشتا هیوای دانوستاندن دەخوازێت، هەروەها دووپاتکردنەوەیەک هەبووە لەسەر ئەوەی کە نابێت ئێران و گرووپە بەوەکالەتەکانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان کارمەند و هێزەکانی بکەنە ئامانج. ئەگەر وا بکەن، لێکەوتەکان زۆر خراپ دەبن. بۆیە دەتوانین دووبارە جەخت لەسەر ئەو خاڵە بکەینەوە. هەروەها جەخت لە هێڵی سووری سەرەکی دەکەینەوە کە بەردەوام دووپاتکراوەتەوە، چونکە بە تێروانینی سەرۆک، گرنگترین شت ئەوەیە کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەمە قسەی لەسەر ناکرێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە