برسیێتی لە جیهاندا زیادیکردووە؛ 'ژمارەیەک خێزانی ئەفغانستان منداڵەکانیان فرۆشتووە'

30-12-2022
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی منداڵپارێزی جیهان لە نوێترین راپۆرتیدا سەبارەت بە قەیرانی خۆراک لە جیهاندا و برسیێتی رایدەگەیێنێت، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا رێژەی برسیێتی لە 57٪ بەرزبووەتەوە و ژمارەی ئەوانەی رووبەڕووی برسیێتی بوونەتەوە، گەیشتووەتە 25.3 ملیۆن کەس. لە ئەفغانستانیش هەندێ خێزان "پەنایان بۆ فرۆشتنی منداڵەکانیان بردووە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2022، رێکخراوی منداڵپارێز (Save the Children) نوێترین ئاماری لەسەر دۆخی ئاسایشی خۆراک و قەیرانی خۆراک لە جیهاندا بڵاوکردەوە و ئاشکرای کردووە لە ساڵی 2019ـەوە ژمارەی ئەوانەی دووچاری برسیێتی بوونەتەوە، لە 16.1 ملیۆن کەسەوە بۆ 25.3 ملیۆن کەس زیادیکردووە. 
 
بە گوێرەی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە، ئەفغانستان، کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست، کۆنگۆ، هایتی، سۆماڵیا، باشووری سوودان، سوودان و یەمەن، خراپترین وڵاتن لە جیهاندا لەرووی قەیرانی خۆراک و برسیەتی و زۆرترین رێژەی خەڵکی ئەو هەشت وڵاتە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دووچاری برسێتی و قەیرانی خۆراک بوونەتەوە.
 
رێکخراوەکە لە درێژەی راپۆرتەکەیدا ئاماژە بە ئەفغانستان دەکات کە بەرزترین رێژەی برسیێتی هەیە لە جیهاندا بەوەی تەنیا لە سێ ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەوانەی رووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە لە 2.5 ملیۆن کەسەوە بۆ 6.6 ملیۆن کەس بەرز بووەتەوە و هەروەها رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە داوە هەندێ خێزانی ئەفغانی بۆ ئەوەی لەو دۆخە ناهەموارە دەربازیان بێت "پەنایان بۆ فرۆشتنی منداڵەکانیان بردووە."
 
نورا حەسەنێن، بەرپرسی بەشی ئەفغانستانی رێکخراوی منداڵپارێز دەڵێت: "لە ئەفغانستان بینیومانە هەندێ منداڵ ئەوەندە برسیی بووە کە لەبیری نامێنێت لە قوتابخانە چی خوێندووە و فێر بووە. هەروەها منداڵی ئەفغانی زۆر بەئاسانی دووچاری هەندێ نەخۆی کوشندە دەبنەوە وەکو کۆلێرا."
 
لە دوای ئەفغانستان، بەپێی ئاماری رێکخراوەکە یەمەن لە پلەی دووەم  دێت لە رووی خراپیی ئاسایشی خۆراکەوە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رێژەی کەسانی برسی لە یەمەن بۆ 66٪ زیادیکردووە و ژمارەی ئەو کەسانەی رووبەڕووی برسیێتی بوونەتەوە لە 3.6 ملیۆن کەسەوە بۆ 6 ملیۆن یەمەنی بەرزبووەتەوە.
 
رێکخراوەکە ئاماژە بە داتای رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP) دەکات و ئاشکرای کردووە ئێستا جیهان رووبەڕووی خراپترین قەیرانی خۆراک بووەتەوە لە مێژووی مۆدێرنی مرۆڤایەتیدا و ئاشکرای کردووە نزیکەی 60 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵان رووبەڕووی برسیێتی بوونەتەوە.
 
هەروەها رێکخراوی WFP، ئاشکراشی کردووە لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ژمارەی ئەو خەڵکەی رووبەڕووی قەیرانی خۆراک بووەتەوە 135 ملیۆن کەس بۆ 345 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەرزبووەتەوە و قەیرانی خۆراکیش لەو ماوەیەدا لە 53 وڵاتەوە بۆ 82 وڵات زیادیان کردووە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێک لەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە

بەڵگەنامە نوێیەکانی ئێپستین بڵاوکرانەوە؛ بیل کلینتۆن و شازادە ئەندرۆ لەنێو لیستەکەدان

وەزارەتی دادی ئەمریکا لەژێر گوشاری کۆنگرێس و میدیاکاندا، دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی جێفری ئێپستین کرد. لە نێو بەڵگەنامەکاندا ناوی دەیان کەسایەتیی دیار هاتووە، لەوانە بیل کلینتۆن، شازادە ئەندرۆ و مایکڵ جاکسن.