لە باشووری کوردستان ساڵی رابردوو رۆژانە نزیکەی 30 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون

04-02-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە لە باشووری کوردستان دەریدەخەن، لە ساڵی رابردوودا 10 هەزار و 872 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون کە ژمارەکە بەراورد بە 2023 زیاترە.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو؛ لە باشووری کوردستان لە ساڵی 2024 دا تێکڕا لە یەک رۆژدا 29.7 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە ساڵی 2023 رۆژانە 27 تووشبوو بووە؛ زۆرترینی تووشبووانی ئەم ساڵیش لە نەخۆشخانەی هیوا بوون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ساڵی رابردوو 4983 تووشبووی شێرپەنجە لە پارێزگاکە تۆمارکراون، بەڵام لە ساڵی 2023دا 5456 تووشبووی نوێ تۆمارکراون؛ بەو پێیەش بێت لە هەولێر بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی باشووری کوردستان، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە کەمیکردووە.
 
هاوکات لە سلێمانییش ئامارەکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجەی پارێزگاکە دەریخستووە، لە ساڵی 2024دا 3310 تووشبووی نوێ تۆمار کراون، لە کاتێکدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2023دا 2796 تووشبووی نوێ بوو.
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆکیش، ساڵی رابردوو 1303 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار کراون و لە ساڵی 2023دا ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە 1250 تووشبوو بوون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی کەرکووکیش، ساڵی رابردوو 1276 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار کراون، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2023دا 1116 تووشبوو بوون.
 
ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە لە باشووری کوردستان لە ساڵانی 2023 و 2024
 
هەولێر
 
لە ساڵی 2023دا 5456 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 4983 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
 
سلێمانی
 
لە ساڵی 2023دا 2796 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 3310 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
 
دهۆک
 
لە ساڵی 2023دا 1250 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 1303 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
 
کەرکووک
 
لە ساڵی 2023دا 1116تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 1276 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
 
''ئێستا گەنجان زیاتر تووشی شێرپەنجە دەبن''
 
ئەمڕۆ سێشەممە 04-02-2025 د. چەکدار ئەحمەد، بەرپرسی بەشی شێرپەنجە لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا شێرپەنجە لە کەسانی سەروو 50 ساڵان بڵاوبوو، بەڵام ئێستا لەنێو گەنجاندا زیادبووە.
 
د. چەکدار ئاشکرای دەکات، 'خۆراکی ناتەندروست و لەقوتوونراو، پیسبوونی ژینگە، جگەرە و نێرگەلەکێشان، بەکارهێنانی دەرزیی هۆرمۆنەکان، قەڵەوی و خواردنەوەی کحول' ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاددەکەن.
 

''تەنیا مانگی رابردوو 292 تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تۆمارکراون''
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، لە مانگی یەکی ئەمساڵ 292 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون و هی پارێزگاکانی عێراقیشیان تێدایە.
 
لەبارەی رێژەی چاکبوونەوە لە شێرپەنجە ئاماژە بەوەدەکات کە رێژەکە زۆرە؛ 'باشی و بەردەستبوونی دەرمانەکان و کارکردن لەلایەنی دەروونیی نەخۆش و بایەخدان بە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەکان'ـی بە هۆکار دانا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە