رووداو دیجیتاڵ
چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادەیە و ئاماژەی بەوەشکرد کە "لە ئایندەیەکی نزیکدا بە فەرمی و لە دیدارێکی راستەوخۆ و بە ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانمان" بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگەیێنن.
چنار سەعد عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە کە چاویان لەوەیە وەک حیزبی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بمێینەوە و گوتی: "پارتی حیزبێکی رێکخراوە، خاوەن سیستم، مەرکەزییەت و سەرکردایەتییەکی بەهێزە. هێزێکی مرۆڤیی زۆر باشی لەبەردەستە، بەتایبەتی لەڕووی رێکخستنەوە. بۆیە یەکەمی بێ رکابەرین وەک هەمیشە".
ئەو بەرپرسەی پارتی رایگەیاند، حیزبەکەی دەستکەوتی گەورەی بۆ گەلی کورد بەدەستهێناوە و هێزی سەرەکیی پارێزەری ئەو دەستکەوتانەش بووە و گوتی، ئەگەر پارتی نەبووایە، "یەکەم شت ئەم هەرێمە بەشێک لە سەروەرییەکەی خۆی لەدەستدەدا؛ بەشێک لەو دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەی ئێستا هەیەتی، لەدەستی دەدا".
دەقی پرسیار وەڵامی سەنگەر عەبدولڕەحمان و چنار سەعد عەبدوڵڵا:
رووداو: بانگەشە دەستیپێکردووە، بەڵام بانگەشەیەکی ساردوسڕە؟ ئایا پارتی کەی دەستپێدەکات؟
چنار سەعد: بێگومان ئێمە چاوەڕوانیمان وابوو ماوەی بانگەشە مانگێک بێت، واتە ئەگەر 11ی 11 هەڵبژاردن بێت، 9-10 بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، بەڵام بریاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گۆڕانکاری دروستکرد. بانگەشە هاتە پێش کە رەنگە ئەمە کاریگەریی لەسەر کۆی پرۆسەکە هەبێت.
رووداو: ئامادە نەبوون؟
چنار سەعد: دەتوانم بڵێم دەمێکە ئامادەین. ئامادەکارییەکی زۆر کراوە، بەڵام بۆ راگەیاندنی کاتێک بۆ دەستپێکردنی بانگەشە بە فەرمی ئامادە نەبووین. ئێمە هەر بە گوێرەی بەرنامەی خۆمان دەڕۆین. لە ئایندەیەکی نزیکدا بە فەرمی و لە دیدارێکی راستەوخۆ و بە ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانمان ئەو کەمپەینە رادەگەیێنین. لەگەڵ دەستپێکردنی کۆمیسیۆن بە فەرمی، تیمەکانمان دەستبەکاربوون و بەربژێرانمان کاری خۆیان دەکەن. ئامادەکارییەکی ورد کراوە و بە هێزەوە لە گۆڕەپانین.
رووداو: ئامادەن بۆ هەڵبژاردن؟
چنار سەعد: بەڵێ، بێگومان! زۆر باشیش خۆمان ئامادەکردووە.
رووداو: دۆخی پارتی چۆنە؟
چنار سەعد: بێگومان پارتی حیزبێکی رێکخراوە، خاوەن سیستم، مەرکەزییەت و سەرکردایەتییەکی بەهێزە. هێزێکی مرۆیی زۆر باشی لەبەردەستە، بەتایبەتی لەڕووی رێکخستنەوە. بۆیە یەکەمی بێ رکابەرین وەک هەمیشە. زۆر بە باشی خۆمان ئامادەکردووە، ئەنجامەکانیش ئەمە دەردەخەن.
رووداو: یەکەمی بێ رکابەرن، بەڵام ئەمجارە رکابەرەکانتان بەهێزن.
چنار سەعد: من پێم وانییە هەتا ئێستا بەتایبەتی لە کوردستان، رکابەرەکان هێندەی پارتی بەهێز بن و بتوانن هاوشانمان بن. بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نییە، خۆشە لە گۆڕەپانی هەڵبژاردندا لەگەڵ بەهێزەکان و بەهێزتر رکابەری بکەی. بەڵام من دڵنیام لەوەی هیچ لایەنێک لە گۆڕەپانەکەدا هێندەی پارتی بەهێز نییە. ئەمە لە ئاستی هەرێم و ئاستی عێراقیش، چونکە ئەو کورسیانەی ئێمە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بەدەستمان هێنا، نیشانیدا کە ئێمە یەکەمین حیزبین کە زۆرترین کورسیمان لە پەرلەمانی عێراق بەدەستهێنا. ئەوانەی دیکە کۆمەڵێک حیزبی هاوپەیمانی بوون و بەیەکەوە ژمارەیەک کورسییان بەدەستهێنا و پێشمان کەوتن، بەڵام ئێمە وەکو تاکە حیزب توانیمان زۆرترین کورسی بەدەستبهێنین.
رووداو: ئایا ئەو ژمارە کورسییە بەدەستدەهێننەوە؟
چنار سەعد: بێگومان زووە ئێستا بڕیار لەسەر ژمارەی کورسی بدەین، چونکە دۆخ گۆڕاوە. دۆخی دیمۆگرافیای دانیشتووان؛ ئەوکات ژمارەیەک لە ئاوارەکان لێرە بوون. ئێستا ژمارەیەکیان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و دەنگ دەدەن. رەنگە ئەم گۆڕانکارییانە وابکەن ژمارەی کورسییەکانیش بگۆڕدرێن. کورسییەکانی ئێمە و لایەنەکانی دیکەش زیاد و کەم دەبن، بەڵام کێبڕکێی ئێمە لەسەر ئەوەیە کە هەمیشە بە یەکەمی بمێنینەوە. گرنگ نییە کورسییەک زیاد یان کەم دەبێت.
رووداو: یەکەم بن بە جیاوازیی 4-5 کورسی...
چنار سەعد: ئێمە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین بە ژمارە کورسییەکی باش پێشبکەوین و گرنگ ئەوەیە لە لووتکە بمێنینەوە.
رووداو: کورسییەکانی خۆتان بەدەست دەهێننەوە؟
چنار سەعد: ئەگەر هەیە هەندێک گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسییەکان رووبدات، لە هەندێک شوێن زیاتر و لە هەندێک شوێنیش کەمتر ببن.
رووداو: هیچ راپرسییەکتان لەبەردەمە بزانن لە چ دۆخێکدان؟
چنار سەعد: ئێمە خوێندنەوەمان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کوردستان کردووە و بەراوردێکمان لە نێوان ئەو ئەنجامە و دەنگی خۆمان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو کردووە. لەوە ئەنجامێکمان دەستکەوتووە و دەرکەوتووە کە لە هەندێک شوێن کورسییەکانمان زیاد دەکەن و لە هەندێک شوێنیش کەم دەکەن.
رووداو: لەکوێ کورسیتان کەم دەکات؟
چنار سەعد: هێشتا زووە بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەمە بکەین.
رووداو: لە 4-5 ساڵی رابردوودا کۆمەڵێک قەیرانی گەورە هەبوون. کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان هەبوو. خەڵکیش لە کێشەی مووچەدا پارتی بە بەرپرسیار دەزانێ، لەبەر ئەوەی حکومەتتان بەدەستەوەیە.
چنار سەعد: بەڵام ئەمە ستەمە ئەگەر خەڵک پێیوابێت پارتی بەرپرسە. بەداخەوە خەڵکی ئێمە ساڵانێکی زۆرە بەدەست بێ مووچەیی و دواکەوتنی مووچەوە دەناڵێنێت. بەڵام من پێم وا نییە خەڵکی ئێمە وەها بیر بکاتەوە، خەڵکی ئێمە هۆشیارانە واقیعیانە دۆخەکە دەبینێت. ئەم کێشەیە زۆر گەورەیە، ئەوە بەغدایە، ئەوە حکومەتی عێراقە کە پێیوایە بە سزادان و بێ نانکردن و دروستکردنی گوشار، دەتوانێت کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی دروست بکات و هەژموونی خۆی زیاتر بکات. ئەم تێگەیشتنە بەداخەوە، بووەتە هۆکاری ئەوەی خەڵکە سادەکە، خەڵکی بازاڕ، منداڵ، ژن و مووچەخۆر باجەکەی بدات و ببێتە قوربانی. رەنگە سەرەتا کە ئەم دۆخە روویدا، لە نێوخۆشدا خەڵکیان هاندەدا و میدیاکانیان بە جۆرێک ئاراستە دەکرد بۆ ئەوەی وا دەربکەوێ کە حیزبی دەسەڵات؛ پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکارە. لەم بابەتەدا چەندین قۆناخمان تێپەڕاند، چەندین جار وەفدمان چووە بەغدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوە کرا و لەسەر کۆمەڵێک سێکتەر رێککەوتن لەگەڵ بەغدا کرا. بە بودجە (میزانیە)، بە رادەستکردنی داهات، راگرتنی نەوت و رۆیشتنەوە نەوت، هەموو ئەو شاندانەی دەڕۆیشتن و ئەو دیدارانەی دەکران، بینرا کە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لایەنی سەرەکییە لەنێو حکومەت، هەموو جۆرە ئاسانکارییەک و بەرچاوڕوونییەک و شەفافییەکی لە داتا و ئامارەکان دایە بەغدا. ئەگەر بێتەوە بیرمان، کێشەکان سەرەتا لە شتی زۆر وردەوە دەستیان پێکرد، بیانوویان بە لیستی مووچە دەگرت، بیانوویان بەو ناوانە دەگرت کە دەبێت بۆ ئەوی بنێردرێت.
رووداو: ئەمانە بیانوو بوون؟ ئایا ئامانجەکە چی بوو؟
چنار سەعد: بەداخەوە هەندێک لایەنی دیکەی سیاسی، هەروەها هەندێک لە نوێنەرانی ئێمە زیاتر سووتەمەنییان دەخستە سەر ئەو ئاگرە. ئەمە بووە هۆی سەختتر کردنی ململانێیەکان. بەڵام ئێستا بۆمان دەرکەوت، ئەوەتا هەموو شتێکمان لەگەڵ ئەوان یەکلاییکردووەتەوە و بڕاندوومانەتەوە. لەسەر زۆربەی سێکتەرەکان رێککەوتووین. ئەگەر لەمەودوا مووچە نەیەت، بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرسیارە؟ بە پێچەوانەوە ئەگەر پارتی نەبووایە، ئەگەر ئەو هەموو هەوڵدانەی پارتی بۆ چارەسەری دۆخەکە نەبووایە، دۆخەکە چۆن دەبوو؟
رووداو: پارتی نەبووایە کێشەکە چارەسەر نەدەبوو؟
چنار سەعد: با بێین بیر بکەینەوە کە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان نەبووایە چی دەبوو؟ یەکەم شت ئەم هەرێمە بەشێک لە سەروەرییەکەی خۆی لەدەست دەدا. بەشێک لەو دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەی ئێستا هەیەتی، لەدەستی دەدا. ئەو کارگێڕییە خۆبەڕێوەبەرییەی کە مێژووییەکمان لە قوربانی لەسەری هەیە، تۆ گەلێکی سەربەست و ئازادیت لە خاکی خۆتدا خۆت بەرێوەدەبەیت..
رووداو: پارتی ئەمانەی پاراستووە؟
چنار سەعد: بێگومان، من پێم وایە پشکی شێری ئەم شەڕە پارتی دیموکراتی کوردستان کردی. بەڵێ هێزە سیاسییەکانی دیکەش هاوکار بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆ حیزبی یەکەمیت، لەبەر ئەوەی سەنگ و قورساییت زیاترە و لە پێگەکانی دەسەڵاتدا بەهێزتری، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئێمەش قورسترە، بۆیە ئەم شەڕە، ئێمە کردوومانە.
رووداو: بۆچی پەرلەمانی کوردستان کارا نەکراوەتەوە؟
چنار سەعد: بەداخەوە! من لەوەیان دڵنیات دەکەمەوە، سەرکردایەتی بەر لەوەی بچینە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر هەوڵی دا ئەمە زۆر دوانەکەوێ، بەتایبەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان و کاراکردنەەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دەستپێکردنی کاری کابینەی نوێ. هەوڵەکان زۆر روونن، تەنانەت لەم دواییانە جەنابی سەرۆک بارزانی خۆی هاتووەتە مەیدان و لە ئاستی زۆر باڵا لەگەڵ بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسرور، واتە لە ئاستی لووتکە دیدار لەنێوان هەردوو حزبی سیاسیدا هەبووە. ئەمە ئاماژەیە لەوەی کە پارتی بەڕاستی دەیویست، ئەم حکومەتە بە راستی دەستبەکاربێت. رەنگە کۆمەڵێک بەربەست و داواکاری هەبووبن...
رووداو: چین ئەو بەربەست و داواکارییانە؟
چنار سەعد: رەنگە بەشێکی پەیوەندیی بەو پشکانەوە هەبێ کە بەر هەردوولا دەکەون. رەنگە پەیوەندی بە هەندێک پۆستەوە هەبێت کە لایەنی دووەم داوایان دەکات. پێموایە ئەمانەش رێگر نین.
رووداو: چۆن رێگر نین؟ ساڵێکە هەڵبژاردن کراوە، حکومەت پێکنەهاتووە.
چنار سەعد: ئێمە نیگەرانین، بەڵام دامەزراوەکانمان کاری خۆیان دەکەن. ئەگەر لەڕووە یاساییەکەشی حکومەتێکی کاربەرێکەر بێ، بەڵام کارەکان نەوەستاون؛ ئەمنییەتە، بازاڕە و پرۆسەی ئیدارییە.
رووداو: ئایا بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان شوورەیی نییە کە ساڵێکە هەڵبژاردن کراوە و پەرلەمان کارا نییە.
چنار سەعد: زۆر باش دەبوو ئەگەر پەرلەمان کاری خۆی بکردبا و کابینەی نوێ پێکبهاتبا. بەڵام ئێمە یەکەم و دوایین کەس و وڵات نین کە ئەم قەیرانە تووشمان دەبێ. بۆ نموونە زۆر وڵات لە دەوروبەرمان هەیە. با لوبنان وەربگرین کە بەداخەوە وڵاتێکی پڕ لە کێشەیە. ساڵانێک تێپەڕی بەهۆی قەیرانەوە نەیانتوانی حکومەت پێکبهینن.
رووداو: ئاخر لوبنان شەڕی نێوخۆی هەبوو و شەڕی ئیسرائیلی هەبوو. لە هەرێمی کوردستان کوا شەڕ هەیە؟
چنار سەعد: ئێمە بەشێکین لەم وڵاتە؛ ئێمە شەڕی داعشمان تێپەڕاند. ململانێیەکی سیاسی هەیە؛ ئێمە ململانیمان لەگەڵ بەغدا هەیە. کێشەی بودجەمان هەیە. ئێمە دوو هەڵبژاردن دەکەین..
رووداو: ئایا مەترسیی جیدی هەیە وابکات پەرلەمان کارا نەبێتەوە؟
چنار سەعد: نا، نەخێر بە هیچ شێوەیەک!
رووداو: وەزارەتێک لەوێ و وەزارەتێک لێرە، هی ئەوەیە ساڵێک حکومەتی بۆ دوابخەیت؟
چنار سەعد: حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] زۆر بە باشی کاری خۆی دەکات. بۆیە هیچ وەزارەتێک و هیچ فەرمانگەیەکیش پەکی نەکەوتووە. ئەمە یەکێکە لە دیوە باشەکانی بابەتەکە. راستە ئێمە کابینەی نوێمان پێکنەهاتووە، بەڵام حکومەت بەردەوامە و کاری خۆی دەکات. بەڵام ئەگەر پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی کارات هەبێت بە دیدگە و ستافێکی دی، بۆ ئەم قۆناخە زۆر گرنگە. بۆیە ئێمە لەبری ئەوەی بڵێین بۆ وابوو؟ با هیوا بخوازین. ئەوەتا چووینەتە ناو کەشی هەڵبژاردن.
رووداو: کەواتە کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت کەوتە دوای هەڵبژاردن؟
چنار سەعد: ئەگەرچی هەوڵەکان بەردەوامن، بەڵام پێم وایە قورسە بەر لە هەڵبژاردن، 11ی 11، پەرلەمان کارا بکرێتەوە. خۆ هەوڵەکان بەردەوامن، دانیشتەکان بەردەوامن و تەباییەکی باش هەیە؛ ئەمانە هەمووی نیشانەی زۆر باشن. بەڵام ئەگەر هەیە ئەمە وەک کارت بۆ ئەوەی مامەڵەی پی بکرێت بۆ ئەو پۆستانەی بەغدا.. ئیدی لە قۆناخی داهاتوودا...
رووداو: یەکێتی دەیەوێت وابکات؟
چنار سەعد: رەنگە بەرنامەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و کاریگەرییان لەسەر یەک بێت. هیوا دەخوازم نیازەکە ئەمە نەبووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ