نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بڕیاری پەکەکە: ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژووییە

12-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن چەکدانانی پەکەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشوازی لە بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، چه‌کدانان و به‌پیره‌وه‌چوونی بانگه‌وازی به‌ڕێز ئۆجالان دەکەین، هەروەها "ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ به‌رده‌وامی له‌ پێشکەشکردنی هه‌ر جۆرە يارمه‌تى و هاوكارييه‌ك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویيە."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی پەکەکە بە "هەنگاوێکی چارەنووسساز" دەزانێت کە "لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە." هەروەها دەڵێت، "ئەم هەنگاوە نيشانه‌ى پێگەیشتنی سیاسييه‌ و رێگە بۆ دیالۆگێکی راستەقینە دەکاتەوە کە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە تورکیا و سەرتاسەری ناوچەکە بەهێز دەکات."

پەکەکە لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و، "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، "ئێستا كاتى ئه‌وه‌يه‌ و هه‌مووان چاويان له‌وه‌يه‌ ئەم هەنگاوە گرنگه‌ بە هەنگاوی ديكه‌ى ئەرێنی و پێويست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵام بدرێتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ به‌رده‌وامی له‌ پێشکەشکردنی هه‌ر جۆرە يارمه‌تى و هاوكارييه‌ك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویيە."
 
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
پێشوازی لە بڕیاری PKK بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چه‌کدانان و به‌پیره‌وه‌چوونی بانگه‌وازی به‌ڕێز ئۆجالان دەکەین و بە هەنگاوێکی چارەنووسسازى دەزانین کە لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە نيشانه‌ى پێگەیشتنی سیاسييه‌ و ڕێگە بۆ دیالۆگێکی ڕاستەقینە دەکاتەوە کە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە تورکیا و سەرتاسەری ناوچەکە بەهێز دەکات.
 
ئێستا كاتى ئه‌وه‌يه‌ و هه‌مووان چاويان له‌وه‌يه‌ ئەم هەنگاوە گرنگه‌ بە هەنگاوی ديكه‌ى ئەرێنی و پێويست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵام بدرێتەوە. ئه‌مه‌ زەمینەیەکی دروست و گونجاو ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ و ده‌بێته‌ بنەمای ئاشتییەکی هەمیشەیی و گشتگیر کە کۆتایی بە دەیان ساڵ له‌ توندوتیژی و ئازار و مه‌ينه‌تى دەهێنێت و ناوچەکە بەرەو ئاسۆی نوێی پێشکەوتن دەبات.
 
وێڕای ستایش و پێزانین بۆ ڕۆڵی سه‌رۆک ئه‌ردۆغان له‌ پشتگیریکردن و هه‌وڵه‌کانی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌که‌، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هەرێمی کوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ پشتگیريی هه‌موو هەوڵێك‌ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەکات و هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە. هه‌روه‌ها ئامادەیيی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ به‌رده‌وامی له‌ پێشکەشکردنی هه‌ر جۆرە يارمه‌تى و هاوكارييه‌ك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویيیە.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٥/١٢
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.