کوردستان
نێچیرڤان بارزانی: تاکە رێگە بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەرانەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو ئاگربەستە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا رایگەیاند؛ دەڵێت، "تاکە رێگە بۆ سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەنەکاندایە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "باوەڕی تەواوم بەوەیە کە تاکە رێگە بۆ سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەنەکانە."
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانین ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی دیکە دەکات بۆ پابەندبوونیان بە "دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان لەم کاتە هەستیار و گرنگەدا."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 01:00 (بە کاتی هەولێر) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ (Truth Social) رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند.
ترەمپ نووسیویەتی، رێککەوتن کراوە و ئاگربەستەکە دوای نزیکەی 6 کاژێری دیکە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 12 کاژێر بەردەوام دەبێت، کە بە گوتەی ئەو "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.
بە گوێرەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بێت، ئێستا یەکەم قۆناخی ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکردووە و نەخشەڕێگەکەی ئاگربەست بەم جۆرەیە:
6 کاژێری یەکەم: ئێران و ئیسرائیل دوایین 'ئەرک'ی خۆیان تەواو دەکەن
لەدوای 12 کاژێر: جەنگ بە فەرمی دەوەستێت
12 کاژێر تێپەڕی: ئێران شەڕ رادەگرێت
12 کاژێری دواتر: ئیسرائیل شەڕ رادەگرێت
لە 24 کاژێری تەواودا: جیهان پێشوازی لە کۆتاییهاتنی جەنگی 12 رۆژە دەکات
رۆژی 13ی حوزەیرانی 2025 جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێکرد و تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بوو. بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر ئێران سەدان کەس کوژران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیلیش، بەهۆی مووشەکبارانی ئێرانەوە نزیکەی 30 ئیسرائیلی کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ