رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ( سێنتکۆم) پێکهێنانی یەکەیەکی نوێی راگەیاند کە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی هێرشکار دەگرێتەوە.
فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان یەک ئاراستە کار دەکەن، دوای پێکانی ئامانجەکان ناگەڕێنەوە، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکراون و لەژێر فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکادان، ئەو جۆرە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە زۆر جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو ناودەبرێن.
پێکهێنای یەکەی ' پێوەدانی دووپشک' TFSS دوای چوار مانگ لە بڕیاری پیتە هێگێسەس، وەزیری جەنگیی ئەمریکا دێت، ئەو وەزیرە داوای کردبوو پەلە بکرێت لە پرۆسەی دەستەبەرکردن و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە نرخی گونجاو.
بەپێی راگەیێنراوی سێنتکۆم، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە وا دروستکراون بە تێچووی کەم و کاریگەری و توانای زۆر بخرێتە بەردەست سەربازانی سوپای ئەمریکا.
فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە جۆری لوکاسن، بە فڕین لە مەودای دوور دەناسرێنەوە، دەتوانرێت بە میکانیزم و شێوەی جیاواز بەکاربهێنرێت، لە سەکۆی سەربەخۆوە یان لەگەڵ سەکۆی هەڵدانی مووشەک، هەروەها لەسەر بارهەڵگریش.
براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەڵێت: "ئەو یەکە نوێیە بۆ دۆخێک دانراوە لەرێگەیەوە داهێنان دەکرێتە ئامرازی بەرپەرچدانەوە.''
کووپەر لەوباوەڕەدایە بەهێزکردنی توانای سەربازانی ئەمریکا لەرێگەی درۆنی پێشکەوتوو، نیشانەی داهێنان و هێز و توانای سوپای ئەمریکایە بۆ بەرپەرچدانەوەی 'لایەنی خراپ' .
ئەیلوولی رابردوو فەرماندەیی ناوەندی لەرێگەی پرۆگرام و هەڵمەتێکی سەربازیەوە بڕیاریدا بە خێراکردنی توانای تەکنەلۆجی هێزەکانیان، لەرێگەیەوە داهێنان و تەکنەلۆجیا دەبنە ئەرک و کاری سەرەکی سێنتکۆم لە قۆناخی داهاتوودا.
فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەکەی پێوەدانی دووپشک لەلایەن سەربازانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێن، لە دانان و فڕاندنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان تاوەکو دەگاتە پێکانی ئامانجەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ