رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە، هێزەکانی وڵاتەکەی توانیویانە زیاتر لە 30 کەشتیی جەنگیی ئێران تێکبشکێنن. هەروەها ئاشکرای کرد، توانای هێرشبەریی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە.
رۆژی پێنجشەممە 05-03-2026 ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە فلۆریدا رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 کەشتیی ئێرانی ژێرئاو خراون. تەنیا لە چەند کاژێری رابردوودا، کەشتییەکی ئێرانیی هەڵگری درۆنمان پێکاوە کە قەبارەکەی هاوشێوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی جەنگی دووەمی جیهانییە، هەر لەم ساتەدا کە قسە دەکەم، ئەو کەشتییە لە ناو ئاودا دەسووتێت."
بە گوتەی کووپەر، کاریگەریی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا بە روونی بەدیار کەوتووە و گوتی: "لە رۆژی یەکەمی جەنگەوە، هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران 90٪ کەمیان کردووە. هەروەها هێرشە درۆنییەکانی ئەو وڵاتەش 83٪ دابەزیون."
فەرماندەی سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئامانجی ئەوان تەنیا تێکشکاندنی ئەو مووشەکانە نییە کە بەرەو ئیسرائیل یان بنکەکانی ئەمریکا دەهاوێژرێن، بەڵکو دەیانەوێت "بناخەی پیشەسازیی مووشەکیی ئێران تەخت بکەن."
کووپەر گوتیشی: "کاتێک دەچینە قۆناخی داهاتووی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، بە شێوەیەکی سیستماتیک هەموو تواناکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران بۆ داهاتوو هەڵدەوەشێنینەوە و لەناوی دەبەین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە لە 28ی شوباتەوە دەستی پێکردووە، بەردەوامە و زیانێکی یەکجار زۆری بە ژێرخانی سەربازی و دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ