حەماس 'ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا' دژی ئیسرائیل رادەگەیێنێت

07-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئیسرائیل حەماس فەلەستین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین دەڵێت 'ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا'یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە و سەروو پێنج هەزار مووشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە. ئیسرائیلیش دەڵێت، کۆمەڵێک چەکدار دزەیان کردووەتە نێو سنوورەکەیان. 

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ژمارەیەک چەکدار لە کەرتی غەزەوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی ئیسرائیل، دوای ئەوەی دەیان مووشەک لەوێوە ئاراستە کران. 

لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک چەکدار لە غەزەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل دەپەڕنەوە و تەقە دەکەن. 

کەتائیبی عیزەدین قەسام کە باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا رادەگەیێنین و لە 20 خولەکی یەکەمدا سەروو 5,000 مووشەکمان تەقاندووە." باڵە چەکدارییەکەی حەماس دەشڵێت، "بڕیارماندا کۆتایی بە هەموو تاوان و داگیرکارییەکی (ئیسرائیل) بهێنین." 
 
 
 
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، مووشەکبارانکردنەکە کاژێر6:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی غەزە [هەمان کاتی هەولێر] دەستیپێکردووە. 
 
حەماس لە راگەیێندراوێکدا داوای لە چەکدارەکانی لە کەرتی رۆژئاوا و "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی" کرد لە شەڕەکەدا هاوکارییان بکەن. 

 

 
ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، گرژییەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاون، بەجۆرێک گیانلەدەستدان لە کەرتی رۆژئاوا ریکۆردی شکاندووە. 
 
لەدوای مووشەکبارانەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باشوور و نێوەڕاستی ئیسرائیل لێدرا و سوپای ئیسرائیلیش داوای لە خەڵک کرد روو لە پەناگەکان بکەن. 
 
بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەکانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس، لانیکەم کەسێک کوژراوە و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئیسرائیل لە ساڵی 2007ـەوە ئابڵووقەی خستووەتە سەر کەرتی غەزە، ئەوەش دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس دەسەڵاتی گرتەدەست. لەو کاتەشەوە، هەردوو لا چەند شەڕێکی وێرانکەریان کردووە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوولا، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، لانیکەم 247 فەلەستینی و 32 ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە. 
 




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە