رووداو دیجیتاڵ
رێبەری دروزەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە "پشتیوانی لە کەمینەکان کردووە و ستەمکاریی رەتکردووەتەوە" هەروەها سوپای رێڤەبەری خۆسەریش دەکات و دەڵێت: "پشتیوانیی لە کەسوکاریان کردووە لە سوەیدا."
ئەمڕۆ شەممە، حیکمەت هەجەری لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا گوتی: "ئەم بەیاننامەیە ئاراستەی جیهان دەکەین، نەک بۆ ئەوەی داوای بەزەیی بکەین، بەڵکو بۆ ئەوەی بەڵگە بخەینەڕوو."
هەجەری دەڵێت: "سوەیدا، ئەو خاکەی کە باری قورسی بێدەنگیی نێودەوڵەتیی لەسەر شان هەڵگرتووە، چیتر بەرگەی برینی زیاتر ناگرێت. لە رۆژانی رابردوودا، زنجیرەیەک تاوان کران کە تەنیا دەتوانرێت بە قڕکردنێکی سیستماتیک وەسف بکرێت، کە بە بە خوێن ساردی جێبەجێ دەکرێت و لە ژوورە تاریکەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و لەلایەن دەستانێکەوە دەجووڵێنرێت کە راهاتوون بە خوێن بنووسن، نەک بە قەڵەم."
"منداڵ لەبەرچاوی دایکیان سەربڕان و پیاوی پیر گولـلەباران کران"
حیکمەت هەجەری، باسی رووداوەکانی سوەیدا دەکات و دەڵێت: "منداڵان لەبەرچاوی دایکیان سەربڕان، پیاوە بەتەمەنەکان لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا بێبەزەییانە لەسێدارە دران. ماڵەکان بەسەر دانیشتووانیدا سووتێنران، وەک ئەوەی ئاگر بووبێتە زمانی فەرمانڕەوایی. هاووڵاتیانی مەدەنی رفێنران بۆ ئەوەی وەکو بارمتە لە یارییەکی سیاسیی قێزەوندا بەکاربهێنرێن."
"گەمارۆیەکی خنکێنەر کە چەندین هەفتەی خایاند، بڕینی ئاو، کارەبا و خۆراکی لەخۆگرتبوو، لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلێک کە هەرگیز ناشکێت. بۆردوومانی هەڕەمەکی بە مووشەک و هاوەن گوندە ئارامەکانی کردە ئامانج، بێ جیاوازی لە نێوان منداڵ و پیر، یان لە نێوان ماڵ و قوتابخانە."
هەجەری دەڵێت: "ئەمانە تەنیا پێشێلکاریی تاکەکەسی نین، بەڵکو پلانێکی بێدەنگی قڕکردنە کە لەبەرچاو و گوێی هەموو جیهاندا جێبەجێ دەکرێت و لە رووی میدیاییەوە بە درۆی سەپاندنی ئاسایش دادەپۆشرێت."
"برسیکردن وەک ئامرازێکی گوشار لەسەر هاووڵاتییانی مەدەنی، تەنیا پێشێلکاری نییە، بەڵکو تاوانێکی جەنگیی ناسراوە کە ئەنجامدەرانی لەبەردەم یاسای نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتیدا ئیدانە دەکرێن. بەپێی مادەی 54ی پرۆتۆکۆلی یەکەمی رێککەوتننامەکانی جنێڤ و مادەی 14ی پرۆتۆکۆلی دووەم، بەکارهێنانی چەک دژی دانیشتووانی مەدەنی یان رێگریکردن لە گەیشتنی یارمەتیی مرۆیی بە شێوەیەکی روون قەدەخە کراوە. هەروەها ئەو هەموارکردنەوەیەی کە لە ساڵی 2019 خرایە سەر مادەی هەشتەمی پەیڕەوی بنەڕەتیی رۆما، ئەم کردارە بە شێوەیەکی بێگومان بە تاوان دادەنێت، چ لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان و چ لە ناونێودەوڵەتییەکاندا."
"هەوڵدەدەن بەرگی سەپاندنی ئاساین بکەن بە بەری تاوانەکاندا"
رێبەری دروزەکان رەخنە لە میدیای حکومەتی سووریا دەگرێت و دەڵێت: "بە تووندی ئیدانەی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارانە دەکەین کە لەلایەن میدیا فەرمییەکان و هەندێک کەناڵی لایەنگری حکومەتی دیفاکتۆوە بەڕێوەدەبرێن، کە هەوڵ دەدەن تاوانەکە بە بەرگی ئاسایش دابپۆشن و بانگەشە بۆ ئاشتییەکی درۆزنانە دەکەن کە لەسەر کەسانی بێتاوان بونیاد نراوە. چۆن دەکرێت ئەوانەی دەستیان بە خوێنی منداڵان سوورە، ببنە بانگەشەکاری ئاشتی؟"
"سوپاس بۆ ترەمپ، ئیسرائیل، وڵاتانی عەرەبی و رێڤەبەری خۆسەر"
حیکمەت هەجەری سوپاسی ئەوانە دەکات کە "لەگەڵ حەقدا وەستان" و دەڵێت: "ئێمە هەڵوێستی ئەو وڵاتانە بەرز دەنرخێنین کە بێدەنگییان رەتکردەوە و لە پاڵ ستەملێکراواندا وەستان. لە پێش هەموویانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ هەڵوێستە روونەکەی لە پشتیوانیکردنی کەمینەکان و رەتکردنەوەی ستەمکاری و، دەوڵەتی ئیسرائیل، حکومەت و گەلەکەی، بۆ دەستێوەردانە مرۆییەکەیان بۆ سنووردارکردنی کۆمەڵکوژییەکان دژی خەڵکی سوەیدا لەسەر بنەمایەکی ئەخلاقی و مرۆیی."
"هەروەها وڵاتانی کەنداوی عەرەبیی دۆست، کە بە روونی فەرمانڕەوایی تیرۆریان رەتکردەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ دۆزی گەلە ستەملێکراوەکەمان دەربڕی. سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی فورات و رێکخراوەکانی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییەش دەکەین بۆ پشتیوانییە دڵسۆزانەکەیان بۆ کەسوکاریان لە سوەیدا."
رێبەری دروزەکان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات کە دەستبەجێ بجووڵێن و "کۆتایی بەم بێدەنگییە کوشندەیە" بهێنن. لەسەر ئەم بنەمایە، داوا دەکەن:
یەکەم: لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ سەبارەت بەو تاوانانەی لە سوەیدا کراون.
دووەم: رەوانەکردنی ئەوانەی بە تاوان تێوەگلاوان بۆ دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی.
سێیەم: ناردنی شاندی چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل.
چوارەم: راگرتنی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی سیاسی و سەربازی بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی دەوری سوەیدایان داوە.
پێنجەم: داوا لە وڵاتانی گەرەنتیکار دەکەین گوشار بخەنە سەر حکومەتی دیفاکتۆ بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی ئاگربەست و دووبارەنەکردنەوەی ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژییانەی کە لە ماوەی کاری ئەم رێککەوتنەدا روویانداوە، کە ئێمە پابەندی بووین. هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی کشانەوەی هەموو میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان بۆ دەرەوەی سنووری ئیدارەی سوەیدا دەکەینەوە، بۆ ئەوەی گەڕانەوەی رۆڵەکانمان بۆ گوند و ماڵەکانیان مسۆگەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ