رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێران. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکەیان "لە دڵی پرۆگرامی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران"ـی داوە و ئامانجیان دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز و زانایانی ئەتۆمی بوون.
هاوکات، دۆخی لەناکاو لە ئیسرائیل راگەیێندراوە و ئەمریکاش جەخت دەکاتەوە کە بەشداریی لە هێرشەکەدا نەکردووە.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکەمان تاوەکو پێویست بکات بەردەوام دەبێت.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بە دیاریکراوی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنزی کردووەتە ئامانج و "زانایانی ئەتۆمی"ـش بەشێک بوون لە ئامانجەکان.
بە گوتەی نەتەنیاهوو، "دەیان ئامانجی ئەتۆمی و سەربازی" بە ئامانج گیراون.
پێشتر، میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی دیکەی سەربازیی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە، هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی "پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکە و توانا مووشەکییە دوورمەوداکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج."
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، رۆژی دووشەممە 09-06-2025 بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیوا ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل بڕیاریان داوە کە هێرشەکە ئەمڕۆ هەینی دەستپێبکات.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکەیان تەنیا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان نییە و گوتی: "بە بەرگریکردن لە خۆمان، بەرگری لەوانی دیکەش دەکەین. بەرگری لە دراوسێ عەرەبەکانمان دەکەین. ئەوانیش بەهەمان شێوە بەدەست هەڵمەتی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی پشێوی و کوشتارەوە ناڵاندوویانە."
نەتەنیاهوو گوتی، ئێران پرۆگرامێکی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی هەیە و بانگەشەی کرد، "ئەگەر رانەگیرێت، دەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت. ئەمە مەترسییەکی روون و راستەوخۆیە بۆ سەر مانەوەی خودی ئیسرائیل."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ