فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران کوژرا

13-06-2025
سیروان عەباس
نیشانەکردن هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە کوژراوە. 
 
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، حسێن سەلامی لە ئەنجامی هێرشێکی "رژێمی زایۆنی" بۆ سەر بارەگای فەرماندەیی گشتیی سوپای پاسداران کوژراوە.
 
ئیسرائیل بەرەبەیانی هەینی هێرشیکردە سەر ئێران، لە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەنگی مووشەک و فڕۆکەکانی ئیسرائیل بیستران.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، "رووبەڕووبوونەوەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا جیاوازە لەوەی وڵاتانی دیکە، ئێمە وەک رووسیا و چین ململانێی جیۆپۆلەتیک و شەڕی ئابووریمان لەگەڵ ئەمریکا نییە."
 
حوسێن سەلامی ئاماژەی بەوەشکردبوو، "هەرچییەکمان ئەمڕۆ هەیە، مووشەک، کەشتی، بەلەمی خێرا و هتد، ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەزموونی ئەو قۆناخەیە." هەروەها گوتیشی، یەکێک لە "گرنگترین" دەستکەوتەکانی ئەو شەڕە، نەهێشتنی ترسی گەلی ئێران بوو لە رووبەڕووبوونەوە.
 
سەلامی باسی لە توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردبوو و گوتبووی، "لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا هەڕەشەی بۆردوومانکردنمان لێدەکات، ئێمە دەتوانین لە ناوچەکە رووبەڕوویان ببینەوە، هەروەک چۆن لە سەردەمی بەرگریی پیرۆزدا خۆمان راگرت. بۆیە ئەم سەردەمە تەنیا مێژوو نییە، بەڵکو راستییەکی چەسپاوە لە مێژووماندا."

حوسێن سەلامی کێیە؟
 
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران
ساڵی 1960 لە پارێزگای ئەسفەهان لەدایکبووە
1992-1997 سەرۆکی زانکۆی فەرماندەیی و ئەرکانی سوپای پاسداران بووە
1997-2005 جێگری ئۆپەراسیۆنەکان لە ستافی هاوبەشی سوپای پاسداران بووە
2005-2009 فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بووە
2009-2019  جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران بووە
لە ساڵی 2019ەوە کراوەتە فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران
 
وردەکاریی هێرشەکانی ئیسرائیل؛ بنکەی سەربازی و ماڵی فەرماندەکان کراونەتە ئامانج
 
بە گوتەی چوار بەرپرسی باڵای ئێرانی، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، ئیسرائیل لانیکەم شەش بنکەی سەربازی و چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی لە دەوروبەری تاران کردووەتە ئامانج، کە گومانی "تیرۆرکردنی ئامانجدار"ی لێدەکرێت.
 
ئەو شوێنانەی هێرشیان کراوەتە سەر:
 
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکان چەندین شاری گەورەی ئێرانیان گرتووەتەوە، لەوانە:
 
تاران و دەوروبەری: لانیکەم شەش بنکەی سەربازی، لەنێویاندا بنکەی پارچین. هەروەها دوو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئەمنی بۆ فەرماندە سەربازییەکان و چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون. دانیشتووانی شارەکە باسیان لە بینینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کردووە.
 
نەتەنز: هێرشکراوەتە سەر دامەزراوەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران.
 
شارەکانی دیکە: هێرش لە شارەکانی تەبریز، کرماشان، ئەرەک و ئەسفەهانـیش تۆمار کراوە.
 
بە گوتەی ئەو چوار بەرپرسە باڵایەی ئێران، هێرشکردنە سەر ماڵی فەرماندە سەربازییەکان بەو شێوەیە وا دەردەکەوێت کە ئامانج لێی "تیرۆرکردنی ئامانجدار" بووبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە