رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیاندا، ژێرخانی وزە و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی فڕۆکەی جەنگییان لە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
هاوکات هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر ئیسرائیل لە "کردەوە دوژمنکارانەکانی" بەردەوام بێت، هێرشەکانی داهاتوویان "بەهێزتر و بەرفراوانتر" دەبن.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە، "دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل" بە مووشەک کراونەتە ئامانج.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد، بە گشتی "ژێرخانی وزەی ئیسرائیل" بەهۆی هێرشی مووشەکی و درۆنییەوە زیانی بەرکەوتووە.
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی ئەم بانگەشەیەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ئەم راگەیێندراوەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاندبوو، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەیان. بەپێی زانیارییەکان، ئیسرائیل دوو کۆگەی سووتەمەنی لە تاران و پاڵاوگەیەکی نەوتی لە کەنگان لە پارێزگەی بووشێهر کردبووە ئامانج.
پێکدادانەکان کە بەرەبەیانی 13ـی حوزەیران بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەستیپێکرد، ئێستا بە فەرمی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەردوولای گرتووەتەوە. ئێران رایگەیاندووە،وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل دەداتەوە، لە کاتێکدا ئیسرائیلیش هەڕەشەی کردووە، "لێدان لە هەموو ئامانجێکی رژێمی ئایەتوڵڵا بەردەوام دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ