رووداو دیجیتاڵ
لە سنوورە ئاوییەکانی پارێزگای چاناککالە لە دەریای ئیجە، بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاوکەوت، بەهۆیەوە هەشت کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیشیان رزگار کران.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئاداری 2024، بەلەمێکی چووپ کە ژمارەیەک کۆچبەری دەگواستەوە و بەرەو یۆنان بەڕێکەوتبوون، لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی ئێجەئابات سەر بە پارێزگای چاناککالە لە دەریای ئیجە ژێرئاو کەوت.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ رزگارکردنی کۆچبەران و تەرمی هەشت کۆچبەریان دۆزیوەتەوە، کە دووانیان منداڵن.
لەمبارەیەوە، ئیلهامی ئاکتاش، پارێزگاری چاناککالە رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بەلەمێکی چووپ بە رێگەی قاچاخ لە هەوڵی ئەوەدابووە ژمارەیەک کۆچبەر بەرەو یۆنان بگوازێتەوە، بەڵام دوای هەشت میل رێکردنیان، ژێرئاو کەوتووە.
ئیلهامی ئاکتاش راشیگەیاند، ژمارەی کۆچبەرانی سەر بەلەمەکە نازاندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمی هەشت کۆچبەر دۆزراونەتەوە کە دووانیان منداڵن و چوار کەسی دیکەش رزگارکران. هەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی کۆچبەرەکانی دیکە بەردەوامە.
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2023، لە کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر بەلەمێکی کۆچبەران بەهۆی زریانەوە ژێرئاوکەوت، پێنج کۆچبەریش گیانیان لەدەستدا و حەوت کۆچبەریش رزگارکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ