حەماس: تەرمی هەموو ئەو بارمتانەمان رادەستکردووەتەوە کە دەستمان پێیان گەیشتووە

15-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، رووفاتی هەموو ئەو بارمتە کوژراوانەی ئیسرائیلیان رادەست کردووەتەوە، کە دەستیان پێیدەگات و رایگەیاند، بۆ دۆزینەوەی تەرمی زیاتر کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا بەڵێنیان داوە، پێویستیان بە کەرەستەی تایبەت هەیە.
 
هاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، خاچی سوور درەنگی رۆژی چوارشەممە بەرەو باکووری غەززە بەڕێکەوتووە بۆ وەرگرتنی رووفاتی "چەندین" بارمتە.
 
باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێنراوێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، پابەندیی خۆی بە رێککەوتنەکە جێبەجێکردووە بە رادەستکردنی هەموو زیندانییە ئیسرائیلییە زیندووەکانی ژێردەستی، لەگەڵ ئەو تەرمانەی کە دەستیان پێی گەیشتووە.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هەروەها هاتووە: "سەبارەت بە تەرمەکانی دیکە، پێویستی بە هەوڵێکی زۆر و کەرەستەی تایبەت هەیە بۆ دەرهێنانەوەیان. ئێمە هەوڵێکی زۆر دەدەین بۆ ئەوەی ئەم دۆسیەیە دابخەین."
 
پێشتر باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاندبوو، وەک بەشێک لە رێککەوتنەکەی کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا کراوە، رۆژی چوارشەممە کاژێر 10:00ی شەو بە کاتی هەولێر، تەرمی دوو بارمتەی ژێردەستیان لە غەززە رادەست دەکەنەوە.
 
لە راگەیێنراوێکی هاوبەشدا، سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئەمنیی ئەو وڵاتە گوتیان: "خاچی سوور لە رێگایە بۆ خاڵی چاوپێکەوتن لە باکووری کەرتی غەززە، کە تێیدا چەندین تابووتی بارمتە کوژراوەکانیان رادەست دەکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە