سوپای ئیسرائیل: تەرمی سەربازێکی بەدیلگیراومان لەنێو نەخۆشخانەی شیفا دۆزییەوە

17-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تەرمی کچە سەربازێکیان لە باڵەخانەیەکی نێو کۆمەڵگەی شیفا دۆزیوەتەوە، کە لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە بەدیلگیرابوو.
 
هێزەکەی ئیسرائیل دەشڵێت، "تیرۆریستانی حەماس ئەو سەربازەیان رفاند و کوشتیان"، بەڵام حەماس گوتوویەتی، "بەهۆی بۆردوومانەوە کوژراوە".
 
رۆژی هەینی، 17-11-2023، هەژماری فەرمیی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "تەرمی کچە سەربازی ئیسرائیلی، نۆوا مارسیانۆی تەمەن 19 ساڵمان لە باڵەخانەیەکی تەنیشت نەخۆشخانەی شیفا دۆزییەوە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تیرۆریستانی حەماس نۆوایان رفاند و کوشتیان. هێزەکانمان سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی خێزانی نۆوا دەکات".
 
مارسیانۆ یەکێک بوو لەو 240 کەسەی کە لە 7-10-2023 کەوتنە دەست چەکدارانی حەماس.
 
رۆژی دووشەممە 13-11-2023، راگەیاندنی بزووتنەوەی حەماس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، کە کچێک دەردەکەوێت دەڵێت، "ناوم نۆوا مارسیانۆیە، لە غەززە گیراوم، داوا دەکەم ئیسرائیل بۆردوومان رابگرێت". دوای ئەوە ڤیدیۆکە دەوەستێت و وێنەی تەرمێک پیشاندەدرێت. 
 
رۆژی سێشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوە ڤیدیۆی نۆوا مارسیانۆ بوو و کوژرانەکەیان پشتڕاستکردەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "نۆوا مارسیانۆ بەهۆی بۆردوومانێکی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراوە". حەماس ڤیدیۆیەکەی وەک بەڵگەیەک بڵاوکردووەتەوە.
 
سێ‌ رۆژە، سوپای ئیسرائیل چووەتە نێو نەخۆشخانەی شیفا. رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجدار و ورد لە دژی حەماس لە چەند خاڵێکی دیاریکراوی نەخۆشخانەی شیفا دەکەن".
 
کۆڵۆنێل ئامنۆن شێفلەر، ڤیدیۆیەکی لە ئێکس بڵاوکردەوە و گوتی، "لەکاتێکدا ئێمەی ئیسرائیل و چەندین وڵاتی دیکە هەموو هەوڵێک دەدەین ئازاری نەخۆش و بێدەسەڵاتەکانی نێو نەخۆشخانە نەدەین، حەماس ئەوان وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لەبەرەی پێشەوەی شەڕیان دابنێت".
 
عیزەت رەشق، سەرکردەی حەماس دەڵێت، "هەوڵەکانی نەتەنیاهوو و سوپا تێکشاوەکەی و دیمەنی چوونەژوورەوەی تانکەکانیان و هەڵکوتانی سوپا تێكشاوەکەیان بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا، وەک ئەوەی بڵێی دەستکەوتیان بەدەستهێناوە، لە سیاسەتێکی هەرزەکارانە زیاتر هیچی دیکە نییە. نەخۆشخانەی شیفا تەمەنی لە داگیرکار گەورەترە. نەخۆش و بریندار و پزیشک و پەرستاری تێدایە هەروەک چۆن ئاوارەی تێدایە لە منداڵ و ژن و بەتەمەن. گەیشتنی تانکەکانیان بە نەخۆشخانەی شیفا دەستکەوت نییە. شیفا پەناگەی خەڵکی سڤیلە نەک بنکەیەکی سەربازی".
 
هەواڵگری ئەمریکاش پشتڕاستیکردەوە، حەماس نەخۆشخانەکان وەکو بنکەی سەربازی بەکاردەهێنێت، بەڵام جەختیش دەکاتەوە دەبێت ئەو شوێنانە لە شەڕ پارێزراو بن.
 
رۆژی 15ـی تشرینی دووەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چەند کاژێرێک دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل گەیشتە نێو نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "ئەوان بە ئێمەیان گوت کە ناتوانین بگەینە دەوروبەری غەززە و گەیشتین؛ بە ئێمەیان گوت کە ناتوانین بگەینە نەخۆشخانەی شیفا و گەیشتین؛ هیچ شوێنێکی غەززە نییە کە ئێمە دەستمان پێی نەگات".
 
ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە، کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لانیکەم دوو هەزار و 300 نەخۆش، کارمەندی تەندروستی و خەڵکی ئاوارە لەنێو نەخۆشخانەکەدا هەن.
 
نەخۆشخانەی شیفا دەکەوێتە بەشی باکووری کەرتی غەززە، وەکو سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، لە قۆناخی یەکەمدا بەنیازە بەشی باکووری کەرتەکە کۆنترۆڵ بکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە