رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە داوایکردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، دەڵێت، "ئێران پێشنیازەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ یەکدیبینین قبووڵ دەکات."
رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری دیدارێک لەگەڵ ئێرانییەکان کرد. دیدارەکە لەنێوان شاندی ئێران و نێردەی تایبەتی خۆی، ستیڤ ویتکۆف، یان تەنانەت جەی دی ڤانسی جێگری بێت.
بەرپرسە ئێرانییەکە قسەی بۆ نیویۆرک تایمز کردووە و گوتوویەتی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دیداری لەو جۆرە قبووڵ دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل و بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی.
عێراقچی لە نوێترین راگەیێندراویدا ئەمشەو، چوارشەممە ئاماژەی بەوە کردووە، "نە هەرگیز نە بە نیازی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بووین و نە لە داهاتووشدا دەمانەوێت دروستی بکەین."
سەرەتای هەفتەکەش عێراقچی رایگەیاندبوو، ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دیپلۆماسی ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت. هەروەها گوتبووی، دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت بە یەک پەیوەندیی تەلەفۆنی بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کۆتایی بە ململانێکە بهێنێت.
لە شۆڕشی 1979ـی ئێرانەوە کە حکومەتێکی ئایینی لە ئێران دامەزراند، هیچ جێگرێکی سەرۆک یان سەرۆکێکی ئەمریکی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆنەبووەتەوە، تەنانەت دیداریش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کابینەی ئەمریکا دەگمەن بووە.
پێش ئەوەی هەفتەی رابردوو ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، وڵاتەکە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوەڕاستی دانوستاندندا بوون لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکە بە نێوەندگیریی عومان. هەردوولا پێشنیازی نووسراویان بۆ چوارچێوەی رێککەوتنێک سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاڵوگۆڕ کردبوو، هەرچەندە هێشتا زۆر لێک دوور بوون.
ئێستا بنیامین نەتەنیاهوو داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە بەشداریی شەڕەکە بکات و، چەکی بەهێز کە ئیسرائیل نییەتی بەکاربهێنێت بۆ لەناوبردنی بنکە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانی ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا ئەم هەفتەیە بە ئاشکرا باسی ئەگەری بۆردوومانکردنی ئێران و تەنانەت کوشتنی عەلی خامنەییش کرد، بەڵام ئێوارەی رۆژی چوارشەممە گوتی، هێشتا بڕیاری نەداوە چۆن هەنگاو بنێت، هەروەها گوتی "هێشتا درەنگ نییە بۆ دیپلۆماسی."
رۆژی چوارشەممە لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، لە پەناگەیەکی سەلامەتی ژێرزەمینییەوە، عەلی خامنەیی بیرۆکەی دانوستاندنەکانی رەتکردەوە و گوتی: "ئەوان ناتوانن نە شەڕ و نە ئاشتی بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بسەپێنن."
دوای نزیکەی هەفتەیەک لە جەنگەکە، هەوڵێکی دیپلۆماسیی نوێ سەریهەڵداوە بە هیوای نێوەندگیرییکردن بۆ ئاگربەست پێش ئەوەی ململانێکە لایەنی دیکەی ناوچەکە یان ویلایەتە یەکگرتووەکان تێوەبگلێنێت. وەزیرانی دەرەوە و سەرۆکی وڵاتانی ئەورووپی، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆدان بۆ ئەو مەبەستە.
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی چوارشەممە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد، کۆبوونەوەکە بڕیارە بەیانیی رۆژی هەینی بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ